بنەماڵەی گەنجە ونبووەکەی سلێمانی داوای چارەنووسی ڕۆڵەکەیان لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەن
ئەحمەد فەرەج، تەمەنی ٣٠ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانییە، ئەو ماوەی زیاتر لە ١٥ رۆژە بێسەروشوێنە و خانەوادەکەشی جگە لەوەی تەواوی دەزگا ئەمنییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، باس لەوە دەکەن کە ھێشتا ھیچ سەرەداوێک لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان دیار نییە.
یادگار فەرەج، برای گەنجە بێسەروشوێنەکەی شاری سلێمانی ڕايگەیاند: ”ئەحمەدی برام ھیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نەبووە و سەر بە ھیچ پارت و لایەنێکی سیاسی نەبووە، بەڵام ماوەی زیاتر لە ١٥ ڕۆژە لەماڵ ڕۆژە چووەتە دەرەوە و تاوەکوو ئێستا نەگەڕاوەتەوە و ھیچ سۆراغێکیشی نییە".
ڕوونیشی کردەوە، تەواوی دەزگا ئەمنییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، ھەروەھا ھەرچی بازگە و نەخۆشخانە و پزیشکی دادوەری ھەیە، گەڕاون، بەڵام ھیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە و نازانن براکەی لە کوێیە و چی بەسەر ھاتووە.
بە گوتەی یادگار فەرەج، براکەی گەشتی ھیچ وڵاتێکی نەکردووە و پاسپۆرتەکەشی لە ماڵەوەیە، ھەروەھا ھیچ خاڵێکی سنووری تێنەپەڕاندووە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە چارەنووسەکەی ئاشکرا بکرێت.
برای گەنجە ونبووەکەی سلێمانی ئاشکرای کرد: ”داوامان لە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی کردووە، ھەوڵەکانی خۆیان چڕبکەنەوە بۆ ئەوەی سەرەداوێکیان لەسەر براکەم دەست بکەوێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا دەزگا ئەمنییەکان ھیچ زانیارییەکیان لەسەر براکەم دەست نەکەوتووە و نازانین کوڕەکەمان ماوە یان نەماوە، بۆیە داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ئاسایشی ھەولێر دەکەین، بەدواداچوون بۆ براکەم بکەن و براکەم بدۆزنەوە و دڵی دایکم خۆش بکەن".
باسنيوز
