”کوردستان بەهۆی یەدەگی نەوت و گازی سرووشتییەوە ڕۆڵێکی گرنگی لە بازاڕی وزەدا دەبێت“
عەبدولسەمەد کۆچەر، شارەزا لە بواری نەوت و وزە و سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”بەرژەوەندیی دونیا لەسەر ئابوورییە، زلھێزەکانی جیھان لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی خۆیانەوە سەیری ھەموو وڵاتانی جیھان دەکەن، بەرژەوەندیش بووەتە بەرژەوەندیی ئابووری، ئەولەویەتی گرنگی رۆژئاوا لەسەر ئابوورییە، بێ شک یەدەگی نەوت و گازی سرووشتیی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە“.
ڕوونیشی کردەوە کە بەپێی داتاکان، کوردستان لەرووی وزەوە پێگەیەکی گرنگی هەیە و ”رەنگە لە داھاتوودا گرنگییەکی زۆرتری پێبدرێت، بەمەرجێک ئەگەر مامەڵەیەکی تەندرووست لەگەڵ کەیسەکەدا بکرێت".
سەرۆکی لێژنەکەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک ئاشکرای کرد کە یەدەگێکی زۆری گازی سرووشتی لە هەولێر و سلێمانیدا هەیە، هەروەها یەدەگی نەوت لە هەولێر و دهۆکدا هەیە، واتە بەشی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، گازی سرووشتی لێیە و ناوەڕاست و ڕۆژئاواکەشی یەدەگی نەوت. گوتیشی: ”نەوت و گاز لەو سامانەیە کە قابیلە بۆ نەمان یان جێگرەوە، جێگرەوەی وەکوو تیشکی رۆژ و وزەی ناوەکی و لەرووی پراکتیکیشەوە جیھان یەدەگی زۆری نەوتی بەکارھێناوە، بەڵام کوردستان تائێستا دەستی بۆ یەدەگی نەوت نەبردووە، بۆیە کوردستان پێگەیەکی گرنگی دەبێت لە ئاستی جیھاندا، ململانێی رووسیا و ئەمەریکا لەناوچەکە وادەکات کوردستان ببێتە شوێنێکی گرنگ بۆ بازاڕی ئەورووپا“.
باسنیوز
