"بەغدا لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەردەوام دەبێت"
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دڵنیایی دەدات و دەشڵێ بەپێی یاسا بەغدا ناتوانێ مووچەی فەرمانبەران ببڕێت.
گەلاوێژ عوبێد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان،لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمبارەوە ڕاگەیاند: تاکو بودجەی ساڵی ٢٠١٩ تەواو دەبێت، لە یاسای بودجەی فەقەرەدا جێگیر کراوە و مووچەی فەرمانبەران دەنێردرێت و ئەگەر بێت و ناکۆکییەکیش لە نێوان هەولێر و بەغدادا ھەبێت".
گوتیشی: "ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوت ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکات، ئەوکاتە حکوومەتی عێراق ٩٠٠ ملیار دینار دەنێرێت بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا حکوومەتی عێراق تەنیا ٥٢١ ملیار دینار دەنێرێت، بێگومان ئەوە مووچەی فەرمانبەرانە و پەیوەندیی بە پارەی نەوتەوە نییە، چونکە پارەی نەوتەکەیان بڕیوە، کەواتە بەپێی یاسا بەغدا ناتوانێ مووچەی فەرمانبەران ببڕێت، تاکو ساڵی ٢٠١٩ تەواو دەبێت".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ ، ھیچ کەسێک ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران ببڕێت، یان دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران بەرێت، چونکە مووچەی فەرمانبەران کراوە بە یاسا و ئەوانەی کە باسی بڕینی مووچەی فەرمانبەران دەکەن، موزایەدەی سیاسی دەکەن و ناتوانن دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران بەرن.
گەلاوێژ عوبێد، ڕاشیگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دروشمەکەی (کوردستانێکی بەھێز)بوو، ئێمە ھەنگاوەکانمان دەنێین بەرەو کوردستانێکی بەھێز، حکوومەتێکی بەھێز، سەرۆکێکی بەھێزی پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین".
باسنيوز
