بە نەمانی ڕسووماتی ڤیزا گەشتیارانی ئێرانی بە لێشاو ڕوو لە کوردستان دەکەن

بە نەمانی ڕسووماتی ڤیزا گەشتیارانی ئێرانی بە لێشاو ڕوو لە کوردستان دەکەن
بە ھەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان عێراق و ئێراندا، ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری ئێرانی سەردانی کوردستان دەکەن، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی حاجی ئۆمەرانیش دەڵێت، لە ماوەی ئەو ١٠ ڕۆژەی کە پارەی ڤیزا لە ھاوڵاتیانی ئێرانی وەرنەگیرا ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار داخیلی کوردستان بوون.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق، لە ھەوڵی لابردنی ڕسووماتی ڤیزەدان لە نێوان ھەردوو وڵات، بڕیاریشە لە ١ی نیسانەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، وەک پاڵپشتییەکیش بۆ کەرتی گەشتوگوزار، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بڕیاری ھەڵگرتنی ڕسووماتی ڤیزەیان دا، ئەو بڕیارەش لە ١٥ی ٣ تاوەکو ٢٥ی ٣ بەردەوام بوو.

بۆ ئەم پرسە مەسعوود باتێلی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی حاجی ئۆمەران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە نەمانی ئەم باجە بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ھەروەک لە ماوەی ئەو ١٠ ڕۆژەدا ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار داخیلی کوردستان بوون و، بەراورد بەو ڕۆژانەی کە لێیان وەرگیراوە زۆر زیادی کردبوو. دەشڵێ، بڕیار وایە لە نێوان ئێران و عێراقدا ڕسووماتی ڤیزە نەمێنێ، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە، بە جێبەجێکردنیشی ھەردوولا لەو بڕیارە سوودمەند دەبن.

پێشتر عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندبوو، ئێران ئامادەییی نیشان داوە بۆ ھەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان عێراق و ئێراندا، ھەرکاتیش بڕیارەکە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، ھەرێمی کوردستان پابەندی ڕێککەوتنەکە دەبێت.

پێوەست بە نەمانی ئەو باجەش باتێلی دەڵێ، ھاووڵاتیانی ئێرانی زیاتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە ئەو گەشتیارانە کە داخیلی کوردستان دەبن، بڕی ٢٥ ھەزار دیناریان لێ وەردەگیرێ، بە ھەمان شێوە لە سنووری خۆشیان زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار تمەنیان لێ وەردەگرن، بە ھۆی خراپیی ڕەوشی ھاووڵاتیانی ئێرانیشەوە، ئەمە دەبێتە بارگرانییەکی زۆر بۆ گەشتیاران.

ئەمین جەلال، کە ھاووڵاتییەکی دانیشتووی سەردەشتی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "باجی ئێران ٢٧٠ ھەزار تمەنە و لە کوردستانیش ٢٥ ھەزار دینارمان لێ وەردەگرن، تمەنیش کە ڕۆژ دوای ڕۆژ دادەبەزێ، ئەوانە ھۆکارن کە خەڵکی ئێمە نەتوانێت گەشت بکات."

ئەو ھاووڵاتییە گوتیشی، ھەڵگراتنی ڤیزا لە نێوان ھەردوو وڵاتدا کاریگەرییەکی باشی بۆ ئێمە دەبێت و ھاووڵاتیان زیاتر سەردانی کوردستان دەکەن، چونکە ئەو باجەی لێمان وەردەگرن ڕێژەکەی زۆرە و خەڵکی نیگەران کردووە.
kdp-
Top