"داعش ھێرشی کردە سەر گوندێکی کەرکووک و قوربانی ھەیە"

بەیانیی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش لە قەزای داقووقی سەر بە پارێزگای کەرکووک ھێرشیان کردە سەر گوندێکی عەرەبنشینی ناوچەکە و سەرچاویەکی ئەمنییش ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی ھێرشەکەدا ھاووڵاتییەک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک لە ئاسایشی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردووەتە سەر گوندی محەمەد ڕەشید لە نزیک قەزای داقووق و لە ئەنجامدا شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان گوندنشینان و چەکدارانی داعش ڕووی داوە و چەندین جورە چەکی تێدا بەکار ھاتووە."

سەرچاوەکە، کە نەویست ناوی ببرێت، گوتیشی: "پێش ماوەیەک چەکدارانی داعش ھێرشیان کردووەتە سەر ئەو گوندە و لە لایەن یەکێک لە ماڵەکانەوە بەرەنگاری داعش بوونەتەوە و داعش زیانی گیانیی ھەبووە. لەبەر ئەوەش، ئەمڕۆ بۆ تۆڵەکردنەوە داعش ھێرشی کردووەتە سەر گوندەکە و دوای شەڕێکی دژوار کەسێک بە ناوی وەلید کوژرا و ھاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو، دوای کۆتاییھاتنی شەڕەکەش ھێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە گوندەکە."

سەرچاوەکەی ئاسایش ڕوونی کردەوە: "چەکدارانی داعش لە دەوروبەری کەرکووک وەک خۆیان ماون و لەناو نەبراون، تەنیا وەک جاران ناتوانن جووڵە بکەن، ئەگەری بەھێزبوونەوەی داعش لە ناوچەکانی ڕەشاد و ڕیاز و حەویجە و داقووق زۆرە، مەترسیی داعش لەسەر کەرکووک ھێشتا ماوە، چونکە ھێزە ئەمنییەکان ناتوانن کۆنتڕۆڵی ڕەوشی ئەمنی بکەن."
kdp-
Top