پێشنیازی كاراكردنەوەى دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم خوێندنەوەى یەكەمی بۆ كرا

پێشنیازی كاراكردنەوەى دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم خوێندنەوەى یەكەمی بۆ كرا
لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پێشنیازی كاراكردنەوەى دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان-عێراق و هەموارى شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسندكردنی دەستوور كرد.

سەعات ٣ى پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠١٩/٣/٣٠، بە سەرۆكایەتیی د. ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و هێمن هەورامی، جێگرى سەرۆكی پەرلەمان و مونا نەبى قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (٣)ى ئاساییی خولی بەهارە لە ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.

سەرەتاى دانیشتنەكە، لە لایەن مونا نەبى قەهوەچی، سكرتێرى پەرلەمان بەرنامەی كارى دانیشتنەكە خوێندرایەوە كە بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەمی (پێشنیازی كاراكردنەوەى دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان-عێراق و هەموارى شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسندكردنی دەستوور)، هەروەها كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوى ئەندامانى ئامادەنەبوو و مۆڵەتپێدراو خوێنرایەوە.

پاشان فراكسیۆنەكانی كۆمەڵی ئیسلامى و نەوەى نوێ و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان خاڵی پەیڕەوییان هەبوو بەرامبەر بەرنامەی كارى دانیشتنەكە بەوەى كە ئەوانیش چەند پڕۆژەیاسایەكیان بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەرز كردووەتەوە، بەلآم نەخراونەتە بەرنامەی كارى دانیشتنەكەوە.

لە بەرانبەردا سەرۆكی پەرلەمانى كوردستان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەو هۆكارە یاساییانەی خستەڕوو كە بوونە هۆی ئەوەى ئەو پڕۆژەیاسایانە نەخرێنە بەرنامەی كارى دانیشتنی ئەمڕۆ و بۆ كاتێكی دیكە دوا بخرێن.

دواتر بەپێی خاڵی بەرنامەی كارى دانیشتنەكە سەرۆكی پەرلەمان داواى لە لیژنەی كاروبارى یاساییی پەرلەمان كرد بێنە شوێنی مەبەست بۆ خوێندنەوەى یەكەمی (پێشنیازی كاراكردنەوەى دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان-عێراق و هەموارى شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسندكردنی دەستوور) و دوای خوێندنەوەشی لە لایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە ئاراستەی لیژنەی كاروباری یاسایی كرا بۆ ئەنجامدانی ڕێكارە یاساییەكان و بەم جۆرە كۆتاییی بە دانیشتنەكە هێنا.

شایانی باسە پێشنیازی كاراكردنەوەى دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان-عێراق و هەموارى شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسندكردنی دەستوور، بە ئیمزاى ٦٨ پەرلەمانتار پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرا و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانیش بە نووسراوی ژمارە ٢٦ لە ٢٠١٩/٣/٢٨، ئاراستەی لیژنەی كاروبارى یاساییی پەرلەمانى كرد و لیژنەى یاسایییش لە هەمان ڕۆژ كۆ بووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بە زۆرینەی دەنگ سیفەی موستەعجەلی پێ درا و بە دەنگی بەڵێی حەفت ئەندام ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا بۆ ئەوەى بخرێتە بەرنامەی كارى دانیشتنەكانی پەرلەمان بە مەبەستی گفتوگۆ و پەسندكردنی.
kdp-
Top