تیمێکی ئەندازیاری بەدواداچوون بۆ گرفتەکانی شەقامی ئیسکان دەکات

تیمێکی ئەندازیاری بەدواداچوون بۆ گرفتەکانی شەقامی ئیسکان دەکات
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕای دەگەیەنێت، تیمێکی ئەندازیاری بەدواداچوون بۆ گرفتەکانی شەقامی ئیسکان لە هەولێر دەکات و ھەر گرفتێک لەو شەقامەدا ھەبێت، چارەسەر دەکرێت.

کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕايگەیاند: ”پلانی نوێکردنەوەی شەقامی ئیسکان وابوو کە لەسەر ڕێنماییەکانی یونسکۆ نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام ئەو داھاتەی وەزارەتی شارەوانی کە ھەبوو، ئەوەندە نەبوو کە پڕۆژەکە پێویستی بوو“.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕوونیشی کردەوە: ”پارەی پڕۆژەکە ئەوەندە نەبوو کە ھاوشێوەی شەقامەکانی بن قەڵات کەرپووچ بکرێ، ھەر بۆیە شەقامی ئیسکان قیڕتاو کرایەوە و کارەکانی بەشێوەیەکی ئەندازیاری لە ژێر سەرپەرشتیی ئەندازیارانی شارەوانیی ھەولێر کراوە“.

ئەو بابەتانەشی ڕەت کردەوە کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە لەبارەی کێشەی شەقامەکە دەخرێنە ڕوو و ڕای گەیاند: ”ئێستاش لەلایەن تیمێکی ئەندازیارییەوە، بەدواداچوون بۆ شەقامەکە دەکرێ و ھەر گرفتێک ھەبێت، لەلایەن حکوومەتەوە چارەسەر دەکرێت“.

خەیلانی نەیشاردەوە کە هێشتا بە فەرمی شەقامەکە نەکراوەتەوە و هەر کەموکوڕییەکیشی هەبێت، پێش بە فەرمی کردنەوەی، چارەسەر دەکرێت.













باسنيوز
Top