پارتی: هیوادارین لە نزیکترین کاتدا هەنگاوی کرداری بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکووک بنرێت
عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند: "وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆبوونەوەیان لەسەر دۆخی کەرکووک کردووە و ڕووپێوی مەیدانیشان کردووە، ئەو شوێنانەی پێویستی بە سوپای عێراق و پێشمەرگە ھەیە، لە خانەقینەوە تا شوێنەکانی دیکە ھەماھەنگی بکرێت، بەڵام ئەمانە ھەمووی گفتوگۆیە، تا ئێستا ئەو شوێنانەی پێویستە پێشمەرگە بگەڕێنەوە، ھەنگاوی کرداری بۆ نەنراوە، تەنیا لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانە و خاڵەکانی ھەماھەنگی و لێژنەکانی ھەردوولایە".
ڕوونیشی کردەوە، کاتێک سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدای کرد، کۆمەڵێک لەو دۆسیانە باس کراوە و لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بەھەند وەرگیراون، بەڵام ھەنگاوە پراکتییکەکان ماون، بۆیە ”ئەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە واشنتۆن گوتوویەتی کە دەیانەوێت بە ھەماھەنگیی پێشمەرگە و ھێزە خۆجێییەکان و سوپای عێراق کەرکووک ئارام بکرێتەوە، ئێمەش گوتوومانە کە دەبێت مەلەفی ئەمنیی کەرکووک بدرێتە ھێزە خۆجێییەکان، ئەو ھێزانەی لە دەرەوەی کەرکووک دەکرێت بە ھاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراق بێت و ئەگەر ژمارەیان کەمە، دەکرێت خەڵک دابمەزرێنن، ئەمەش بەرۆژێک و دوو رۆژ ناکرێت".
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی ئاشکرای کرد کە لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە و ئومێد دەکەن لەنزیکترین کاتدا ھەنگاوی کرداری لەنێوان ھەردوولا ھەبێت، بۆ ئەوەی بەخێرایی دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە.
باسنيوز
