بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: ڕێژەی بەردانەوەی ئاوەکە زیاد دەکەین

 بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: ڕێژەی بەردانەوەی ئاوەکە زیاد دەکەین
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕای دەگەیەنێت، سبەی ڕێژەی بەردانەوەی ئاوی دەربەندیخان زیاد دەکەین، چونکە بارانێکی زۆر دەبارێت.



ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕاگەیاند: "ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان لەچاو ساڵی پار زیاترە، بەپێی ئەو پلانەی دامان ناوە، تا کۆتایی وەرز دەتوانین تەنیا سێ مەتری دیکە ئاستی ئاو بەرز بکەینەوە".



بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاشکراشی کرد: "ئێستا یەک ملیار و نۆسەد ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دەربەندیخاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چرکەیەکدا ٧٠٠ مەتر سێجا ئاو بەر دەدەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین کۆنترۆلی ئەو ئاوە بکەین کە دێتە بەنداوەکەوە، بەردانەوەی ئاوەکەش هەم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و هەم بێ بەرهەمە".



ئاماژەی بەوەش دا: "ئامادەکاریمان بۆ هەر شەپۆلێک لە ئایندەدا کردووە، سبەی یەکشەممە ٣١\٣\٢٠١٩ ئەگەرێکی زۆر هەیە بارانێکی زۆر ببارێت، ئێمە هاوکات لەگەڵ ئەوەدا بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە زیاد دەکەین و مەترسی لەسەر ئاستەکانی سەرەوەی بەنداوەکە هەیە و هەر ماوە ئەو بەشانەی کە زیانیان بەرکەوتبوو، هەوڵ دەدەین ئاوی کۆکراوە نەگاتە ئاستی مەترسیداری بەنداوەکە".



دوای ئەوەی لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٧ بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچەکانی سنووری و دەربەندیخانی گرتەوە، بەو هۆیەوە بەنداوی دەربەندیخان زیانی زۆری بەرکەوت، لەبارەی چاککردنەوەی زیانەکان ڕەحمان خانی گوتی: "لەبەر ئەوەی کارەکان زۆرن و پێویستمان بەوە بوو ڕووپێوی و پشکنینی ورد بۆ بەنداوەکە بکەین، بەشێک لەو پشکنینانە تەواو بوون، ئێستا لە قۆناغی ئامادەسازین بۆ تەندەرەکان و بەپێی ئەو پلانەی هەمانە لە هاوینی ئەمساڵەوە دەست بە چاکسازییەکان دەکەین".






باسنیوز
Top