پەرلەمانتارێک: چاوەڕێین فراکسیۆنی یەکێتیەكان و باڵەكانی تر بڕیار لە سلێمانی وەرگرن و لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا بەشداری بکەن
زانا مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند: خوازیارین برادەرانی فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆبوونەوەی کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٣٠\٣\٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستاندا بەشداری بکەن، چاوەڕوانیش دەکەین بەشدار بن، چونکە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پەیوەستە بە ھەموو کوردستانییانەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕوونیشی کردەوە: "ئێمە پرۆژە یاسای ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانمان پێشکەش کردووە و واژۆمان لەسەر کردووە، جیا لەوەش یەکێک لە داواکارییەکانی یەکێتی پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کاتێک ئەو داواکارییەیان ھەیە، دەبێ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانیشدا بەشداری بکەن، تاوەکوو ئەو پۆستە لە یاساکەدا جێگەی بکرێتەوە، ئەگەر بەشداری نەکەن، ئەوا خۆیان پێچەوانەی داواکاریی خۆیانن".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکرێت".
باسنیوز
