نەوزاد هادی دڵنیایی دەداتە ئەوانەی خانووی گوندی کۆرییان کڕی بوو

 نەوزاد هادی دڵنیایی دەداتە ئەوانەی خانووی گوندی کۆرییان کڕی بوو
پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دەداتە ئەو هاووڵاتییانەی خانووەکانی گوندی کۆرییان کڕی بوو.



نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە، کە دەستەی وەبەرهێنان پرسی پرۆژەی گوندی کۆری چارەسەر دەکات، کە پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت بوو.



نەوزاد هادی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵنیایی بە هەموو ئەو هاووڵاتییانە داوە، کە خانووەکانی گوندی کۆرییان کڕی بوو و رایگەیاندووە، ”مافی ھاووڵاتیان پارێزراو دەبێت“.



گوندی کوری، گەڕەکێک بوو لە سنووری شاری هەولێر، نزیکی پێنج ساڵە بڕە پارەیەک لە هاووڵاتییانی کرێنشین بۆ دروستکردنی گوندەکە وەرگیراوە، بەڵام تا ئێستا تەواو نەکراوە.



دوای پێنج ساڵ چاوەڕوانی، حکوومەت لە مانگی رابردوو بڕیاری راگرتنی چوار هەزار خانووی گوندەکەی دا و رایگەیاند، ئەو چوار هەزار هاووڵاتییە بە بڕی حەوت هەزار دۆلار و پارچەیەک زەوی، قەرەبوو بکاتەوە.





باسنیوز
Top