"ئەمساڵ ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی تۆمارێکی تایبەت بە دەنگدەران"
ئارام نەجمەدین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارێزگای ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: "دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، کۆمسیۆن دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ پێداچوونەوە لە ھەموو لایەکەوە، لەو کاتەشەوە دوو مانگ نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێمەدا بۆ پێداچوونەوە بەو کەموکووڕیانەی ھەیبوو، دواتر چەند ڕاسپاردەیەک پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردن کران و لە لایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە پەسەند کران."
بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن لە پارێزگای ھەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "یەکێک لەو پرسانە ھەبوونی تۆمارێکی دەنگدەرانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستانە، ئێستا خەریکی ئەوەین چۆن تۆمارێکی دەنگدەران بۆ دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان دروست بکەین، چەند پێشنیار ھەنە بۆ دروستکردنی تۆماری دەنگدەران، لەوانەش سوودوەرگرتن لە سیستەمی بایۆمەتریی مووچەخۆران، ھەروەھا سوودوەرگرتن لە پڕۆسەی بایۆمەتریی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق."
ئارام نەجمەدین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بە ھەر شێوەیەک بێت، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە تۆمارێکی دەنگدەرانی تایبەت بەخۆی ھەیە و ئەگەر بێت و ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی بەغدا بکرێت و ئەوان تۆمارەکەی خۆیان بدەن بە ئێمە ئەوە لە ڕووی کات و خەرجییەوە ئاسانکاریی زۆری دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان."
نەجمەدین گوتیشی: "ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەیشتین بە ئەنجام ئەوە کار بۆ ئەوە دەکەین ھەنگاوەکان دەست پێ بکرێت بۆ دروستکردنی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان، ئێمە لە سەرەتای مانگی نیسان دەست بە پڕۆسەکە دەکەین و ئەگەر ھیچ حاڵەتێکی لەناکاو نەیەتەپێشەوە، ئەمساڵ ٢٠١٩ تۆمارێکی خاوێنی دەنگدەران بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت و تا کۆتاییی ئەمساڵیش تۆمارەکە ئامادە دەکرێت."
kdp-
