سەیدۆ چەتۆ: دوای ڕێکارە یاساییەکان دەرگای خۆپاڵاوتنی پارێزگای مووسڵ دەکرێتەوە
دوای نقومبوونی بەلەمێکی گەشتیاری لە ڕووباری دیجلەی شاری مووسڵ زیاتر لە ١٠٠ کەس بوونەتە قوربانی، بە بڕیارێک نۆفەل عاگووب، پارێزگاری مووسڵ و هەردوو جێگرەکەی لەسەر کار لادران.
سەیدۆ چەتۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "دوای لەسەرکارلادانی پارێزگاری مووسڵ لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، ئێستا شانەی تەنگەژەکان مووسڵ بەڕێوە دەبەن، بۆشایی لە پۆستەکاندا هەیە و دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاسایییەکانی پارێزگای لەسەرکارلادراو دەرگای خۆپاڵاوتن دەکەینەوە."
سەیدۆ چەتۆ گوتیشی: "بەزوویی مەرجی پارێزگاری نوێی مووسڵ بڵاو دەکەینەوە، چەندین مەرج بۆ ئەو پۆستە هەن و تا ئیستاش دیار نییە کێ خۆی بەربژێر دەکات بۆ ئەو پۆستە."
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ ئاماژەیشی دا: "ڕێکارە یاسایییەکان مانگ و نیوێک دەخایەنن، ئەویش تانەلێدان و دادگاییی نێوخۆیییە و دواتر پارێزگارێکی نوێ دەستنیشان دەکەین."
kdp-
