مزووری: مووسڵ شاری بێحاکمە و فەرمانگەکان دەوام ناکەن

مزووری: مووسڵ شاری بێحاکمە و فەرمانگەکان دەوام ناکەن
بەرپرسێکی پارتی لە مووسڵ پێی وایە، ئێستا مووسڵ شاری بێحاکمە و لە بوشاییی یاساییدایە و فەرمانگەکانی حکوومەت وەک پێویست دەوام ناکەن.

شێخ محیەدین مزووری، کارگێڕی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ دەڵێ: "دانانی شانەی قەیرانەکان لە مووسڵ ھەنگاوێکی ھەڵەیە، چونکە ئەنجومەنی پارێزگا ھەیە و دەتوانێ کارەکانی بەڕێوەبەرێت، پارێزگار و جێگرەکانی لادراون، واتە ئێستا ئیدارەی مووسڵ لە بوشاییی یاساییدایە و فەرمانگەکانی حکوومەت وەک پێویست دەوامی خۆیان ناکەن، چونکە حکوومەت لەو شارە نەماوە."

بەرپرسەکەی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مووسڵ شاری بێحاکمە و دوای ڕووداوەکەی حەفتەی ڕابردوو خەڵکی نیگەرانن لە دەسەڵاتدارانی عێراق، لەبەر ئەوەی ھیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری نییە و چەندین دەست لەنێو مووسڵ ھەنە."

لەبارەی دەستگیرکردنی پارێزگار و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومەت، مزووری ڕوونی کردەوە: "دادگای تێھەڵچوونەوەی مووسڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پارێزگاری مووسڵ و یەکێک لە جێگرەکانی و بەڕێوەبەری تاپۆ و ژمارەیەک فەرمانبەری دیوانی پارێزگا دەرکردووە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەکراون، ھەروەھا چوونەدەرەوەیان لێ قەدەغە کراوە تا ئەو کاتەی دادگایی دەکرێن."
kdp-
Top