سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له مامۆستایان و قوتابییانی زانكۆی ئەمەریکی له شاری دهۆك كرد
له دیدارەكەدا د. ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به ڕۆڵ و ئه‌ركى په‌رله‌مان به‌پێی یاسای ژماره (1)، یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه له ساڵی 1992 ده‌رچووه و، به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان كه ڕۆڵ و ئه‌رك و ڕێكاره یاساییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی دیاری كردووه له ده‌ركردنی یاسا و چاودێریكردنی كاره‌كانی حكوومه‌ت و چۆنیه‌تیی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌یاسا، چ له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، یاخود له لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی‌ی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه بێت."
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: "ئه‌و یاسایانه‌ی كه له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، به چه‌ند ڕێكارێكی یاسایی به پێی په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مان پێشكه‌ش ده‌كرێن و دواتر خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بۆ ده‌كرێت و ئاراسته‌ی لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرێن بۆ تاوتوێكردنی له‌گه‌ڵ لایه‌نە په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت و به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ڕاوبۆچوونیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه به مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى و ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت له‌سه‌رى، پاشان له لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانەوە ده‌خرێته به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنی په‌رله‌مان به مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و په‌سندكردنى".
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی به‌غداش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "له یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان، كه تێیدا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا، جه‌ختمان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كردووەته‌وه و ئێستا په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له ئاستێكی زۆرباشدایه و ده‌خوازین حكوومه‌تی عێراق هه‌نگاوه‌كانیان بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور خێراتر بكه‌ن، له نێویشیاندا مادده‌ی 140ى ده‌ستوور كه تایبه‌ته به ناوچه دابڕێنراوه‌كان و له ئاساییكردنه‌وه و سه‌رژمێرى و ئه‌نجامدانی ڕاپرسی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌ردوولا به جۆرێك كه له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو گه‌لانی عێراقدا بێت".
مامۆستایان و قوتابییانی زانكۆی ئەمەریکیش له شاری دهۆك، وێڕای پیرۆزباییكردنیان له سه‌رۆكی په‌رله‌مان به بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له پۆسته‌كه‌یدا، سوپاسى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه و ڕوونكردنه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به ڕۆڵ و ئه‌رك و كاره‌كانی په‌رله‌مان له ڕووی یاسایی و چاودێریكردنه‌وه."
له كۆتاییشدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان لۆگۆى په‌رله‌مانی كوردستانى وه‌ك دیارییه‌ك به مامۆستایان و قوتابییانى زانكۆكه به‌خشی و ئه‌وانیش نووسراوێكییان سه‌باره‌ت به مێژووى كورد و كوردستان و هه‌وڵه‌كانی بۆ گه‌یشتن به مافه ڕه‌واكانی پێشكه‌ش به سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.
kdp-
