پارێزگاری هەولێر: کار لەسەر ماستەرپلانی شاری هەولێر دەکەین
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پلانی ستراتیجیی گرینگمان دەست نیشان کردووە بۆ ئەوەی لە سنووری پارێزگای هەولێر پڕۆژە گرینگ و خزمەتگوزارییەکان بخرێنەوە کار، لەهەوڵداین کارنامەی ماستەرپلانی هەولێـر وەگەڕ بخەینەوە و پرۆژەکان بەپێی ماستەرپلانی ھەولێر جێبەجێ بکەین، بە داهاتی ناوخۆییش لە هاتوچۆ و باج و دەرامەتی دیکە، پڕۆژە بچووک و مام ناوەندییەکان جێبەجێ بکەین. بۆ بەئەنجامگەیاندنی پڕۆژەی گەورە و بەهێـزیش پێـویستمان بە هاوکاری و بوودجەی ئەنـجومەنی وەزیـران هەیە."
نەوزاد هـادی دەشڵێ: "لەدوای بڕینی بەشەبوودجەی پەرەپێدانی پارێـزگاکان لە لایەن بەغداوە لە ساڵی 2014وە، سەرجەم پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکان وەستێندرابوون، ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بەشەبوودجەی پەرەپێدانی پارێـزگاکان بگەڕێندرێتەوە."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەیشی دا: "لە ڕابردوو بەهۆی قەیرانی دارایی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی تەقەشوفی لە سەرجەم دامودەزگا حکوومی و پاریزگاکان پەیڕەو کرد، بەڵام خۆشبەختانە دوای کۆتاییهاتنی ئەم قەیرانە هەوڵ دەدرێـت ئەو پڕۆژانەی کە وەستابوون لە ڕێگاوبان و تونێڵەکان و ئاو و ئاوەڕۆ و چەندین پڕۆژەی خزمەتگوراریی دیکە بۆ هاووڵاتیان، بە پشتیوانیی ئەنجومەنی وەزیران و بە هەماهەنگیی وەزارتە پەیوەندیدارەکان کاریان لەسەر بکرێت و بخرێنەوە کار."
ڕوونیشی کردەوە کە پڕۆژە گەورەکانی وەک شەقامی 120 مەتری و 150 مەتریش کە پرۆژەی گرنگ و ستراتیژین بە ھەمان شێوە بە پشتگیریی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان ئەنـجام دەدرێـت، پـڕۆژەی گوندی کۆری کە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت بوو، ئێستا لە دەستەی وەبەرھێنان پرسی ئەو پرۆژە وا چارەسەر دەکرێت و مافی ھاووڵاتیانی پارێزراو دەبێت."
kdp-
