بە واژۆی 68 پەرلەمانتار هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا
کەمێک لەمەوبەر، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، پرێس کۆنفرانسێکی ئەنجام دا و تێیدا ڕایگەیاند، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە رابردوو پارتی و گۆڕان و پارتی و لایەنەکانی دیکە کردوویانە بۆ خێراکردنی پێکهێنانی حکوومەت، هەنگاوی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بێتە پێشەوە، تاوەکوو لە ئایندەیەکی نزیکدا دوای دامەزراوەکە، هەنگاوی پێکهێنانی حکوومەت بێتە پێشەوە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی پڕۆژەیاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی، بە ئیمزای 68 پەرلەمانتار پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد کە 8 ماددە تێیدا دەستکاری کراوە“.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەوان لە فراکسیۆنی پارتی داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، ڕێگەی یاسایی و پەیڕەوی بگرنە بەر و لە زووترین کاتدا کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەکەمی ئەو پڕۆژەیاسایە ئەنجام بدەن.
خۆشناو جەختی کردەوە کە جگە لە یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵی ئیسلامی و نەوەی نوێ، سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکەی نێو پەرلەمانی کوردستان واژۆیان لەسەر پڕۆژە یاساکە کردووە کە ژمارەیان 68 پەرلەمانتارە و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش هەرچەندە واژۆیان نەکردووە، بەڵام پشتیوانی لە پڕۆژەکە دەکەن.
لەبارەی پێداگریی یەکێتی لەسەر بەشدارینەکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمان، ئومێد خۆشناو ڕای گەیاند: ”خوازیاری ئەوە نین بەبێ یەکێتی هیچ هەنگاوێک بگرینە بەر، بەڵام پێمانوایە چیدی چاوەڕوان نابین و کاتیش لەبەردەمماندا کراوە نییە“.
باسیشی لەوە کرد کە پڕۆژەیاساکە سێ ئەرکی هەیە، ئەوانیش:
- کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
- راگرتنی ئەو یاسایەی کە دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی بەسەر دەسەڵاتەکانی دیکەدا دابەش کردبوو.
- جۆر و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەرێمی کوردستان، لەم قۆناغەدا تا دەبینە خاوەنی دەستوور، بۆ ئەم خولە، بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو پەرلەمانی کوردستان هەڵدەبژێردرێت.
باسنيوز
