کۆڕەک تیلیکۆم هۆکاری بڕیاری ڕاگرتنی پەیوەندییەکانی لەلایەن بەغداوە ئاشکرا کرد
تۆفیق شێخانی، نوێنەری کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم ڕايگەیاند: ”دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی لایەنی بەرپرسە لە ھەموو سیستەمەکانی پەیوەندی، ئەو دەستەیە مۆڵەتی بە ھەرسێ کۆمپانیای کۆڕەک، ئاسیا و زێن داوە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە، ئێستاش کۆمپانیای چوارەمی ھێناوە و خەریکە مۆڵەتی پێ دەدەن، لە کاتێکدا لە ڕووی یاساییەوە مافیان نییە، چونکە ئەم سێ کۆمپانیایە سێ ساڵ لەماوەی خۆیان ماوە“.
ڕوونیشی کردەوە: ”ئامانج لە ھێنانی کۆمپانیای چوارەم لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقییەوە بردنی هاوبەشەکانی ئێمەیە تا لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا بیخەنە سەر رێچکە“.
نوێنەرەکەی کۆمپانیای کۆڕەک جەختی کردەوە، "ھەریەکە لە کۆمپانیاکانی ئاسیا و زێن واژۆیان لەسەر ڕێککەوتنێک کردووە، بەڵام ئێمە ڕەتمانکردەوە واژۆی لەسەر بکەین، بۆیە دەستەکەش وەک سزایەک ھاتووە ھێڵی پەیوەندیی ئێمەی پچڕاندووە".
ئاماژە بەوەش دەکات، کە ڕێککەوتنێک لەنێوان کۆمپانیاکانی مۆبایل لەگەڵ دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن ھەیە، پێی دەگوترێت مۆڵەت وەرگرتن (تەرخیس)، ھیچ سزایەکی یاسایی بەناوی پچڕانی پەیوەندی لەنێوان کۆمپانیاکاندا لە گرێبەستی مۆڵەتەکەدا نییە.
توفیق شێخانی ڕاشیگەیاند، "دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ و ٢٢ی مانگیان وەک مۆڵەت بە ئێمە دا، بەڵام ئەو سێ ڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان پشوو بوون، ٢٣ی مانگیش لە عێراق پشووبوو، بۆیە کاتژمێر ١٢ی شەوی ٢٣ی مانگ ھێڵەکانیان پچڕاند، بەڵام ئایا بە کام یاسا ئەمەیان کرد؟".
جەختیشیکردەوە، کە بەنووسراوی فەرمی وەڵامی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقییان داوەتەوە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانن، ”بزانین ئاخۆ ئەم پێنج ڕۆژە سزاکە ھەڵدەگرن یان درێژی دەکەنەوە“.
ئەوەشی خستە ڕوو، کە کۆمپانیاکانی مۆبایل دەروازەیەکی دڵنیان بۆ بودجەی عێراق، چونکە لە ١٨٪ی داھات و ٢٠٪ی فرۆشتنی کارتەکان بۆ بودجەی عێراق دەبەن، بەو کارەی ئێستا ئەنجام دراوە، زیان بە ئابووریی عێراق دەگات.
باسنيوز
