کونسوڵخانەی ئێران ڕوونکردنەوە لەبارەی ڤیزاوە دەدات

کونسوڵخانەی ئێران ڕوونکردنەوە لەبارەی ڤیزاوە دەدات
کونسولخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەولێر، لە ڕاگەیاندراوێکدا ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، کە تا ئێستاش بۆ گەشتکردن بۆ ئێران پێویستییان بە ڤیزا دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/3/2019، کونسوڵخانەی ئێران ئاشکرای دەکات کە حکوومەتی وڵاتەکەی ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پێدانی ڤیزای ئەلیکترۆنی بە ھەڵگرتنی پاسپۆرتی عێراقی بە بێ بەرامبەر، بەڵام بابەتەکە تا ئێستا پەسەندی کۆتایی بۆ نەکراوە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردن.

ھەر بۆیەش ئاگاداری ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان کراوەتەوە کە بە مەبەستی گەشتکردن بۆ ئێران، بە بێ ڤیزا سەردانی سنوورەکان نەکەن.

دوابەدوای سەردانەکەی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ بەغدا، گفتوگۆی سەرەتایی بۆ ھەڵگرتنی تێچووی ڤیزا بۆ ھاووڵاتییانی ھەردوولا، بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، دەستی پێ کرد، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکەی کونسولخانەی ئێران، لە ئەگەری پەسەندکردنی پێدانی ڤیزا بە بێ بەرامبەر، ھاووڵاتییان ھێشتا پێویستییان بە ڤیزا دەبێت بۆ گەشتکردن.

ئەمە لە کاتێکدایە کونسوڵی گشتیی ئێران پێشتر ئاشکرای کردبوو کە ئەوان ئامادەکاری دەکەن بۆ ڤیزای ئەلیکترۆنی بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، لە بری ڤیزای لەزگە (ستیکەر).

ڕاگەیاندراوەکەی کونسوڵخانەی ئێرانیش دوای ئەوە دێت، کە دەنگۆی ھەڵگرتنی ڤیزای لەزگە (ستیکەر) و بەخشینی تێچووی ڤیزا بۆ خاوەن پاسپۆرتی عێراقی لە ناو خەڵکیدا بڵاو بووەوە.










باسنيوز
Top