سەرۆک بارزانی: کۆچەر بیرکار جێگەی شانازییە بۆ هەموو تاکێکی کورد
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی دكتۆر كۆچەر بیركاری كرد و ڕایگەیاند كە كۆچەر بیركار جێگەی شانازییە بۆ هەموو تاكێكی كورد و هیوای خواست كە نموونەی وەك دكتۆر كۆچەر لەناو لاوانی كورد زیاتر بن. هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە دەستكەوتەكانی دكتۆر كۆچەر لە بواری زانستدا سەلمێنەری ئەوەیە كە ئەگەر لاوانی كورد دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ، وەك گەنجانی دیكەی جیهان دەتوانن لە بواری زانست و داهێناندا سەركەوتن بەدەست بهێنن.
هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەكانی ئەو زانایەی گەلی كوردستان ڕاگەیاند لە یارمەتیدانی ئاستی زانستی و پێگەیاندنی قوتابیانی كوردستان و هیوای سەركەوتن و تەمەندرێژیی بۆ خواست.
لەلایەن خۆشیەوە دكتۆر كۆچەر بیركار وێڕای سوپاسگوزاری بۆ پشتگیرییەكانی سەرۆك بارزانی، باسی لە كۆمەڵێك پڕۆژە و بیرۆكەی خۆی كرد كە بە نیازە بە هاوكاری لەگەڵ زانكۆی سەڵاحەدین بۆ یارمەتیدانی قوتابیانی كوردستان پێشكەشی بكات.
باسنيوز
