گۆڕان: نابێ یەکێتیەكان و باڵەكانی تری ناو یەكێتی بە پیلانی نانبڕینی خەڵکی شەڕی پۆستەکانی خۆی بکات

 گۆڕان: نابێ یەکێتیەكان و باڵەكانی تری ناو یەكێتی بە پیلانی نانبڕینی خەڵکی شەڕی پۆستەکانی خۆی بکات
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، بە هەوڵدان بۆ بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان، شەڕی پۆستەکانی خۆی نەکات. هاوکات پێشنیازەکە بە هاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەزانێت کە بەهۆیەوە زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستان کەوتنە دەست میلیشیا و هێزەکانی عێراق.



شیرین ئەمین، ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕاگەیاند: "دەنگۆی دوبارە گەڕاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە لەلایەن پەرلەمانتارانی یەکێتییەوە ترسێکی زۆری بۆ هاووڵاتییان درووست کردووە“.



ڕوونیشی کردەوە کە بڵاوکردنەوەی ئەو ترسە لە کاتێکدایە کە یەکێتی چاوەڕوانە بزانێت بەشداری لە حکوومەتدا دەکات یان نا، بۆیە ”پێدەچێت یەکێتی لە ڕێککەوتنەکەی سەرکەوتوو نەبووبێت و ئەو پیلانە لە عێراقەوە بگێڕێت، چونکە پێشتر ھەواڵێکی دڵخۆشکەر بڵاو کرایەوە و سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە لابرا، بەڵام یەکێتی دەیەوێ ڕۆڵێکی وەھا لە بەغدا بگێڕێت“.



دووپاتیشی کردەوە کە ”ڕەنگە“ یەکێتی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەو ترسەوە بیەوێت پەیامێک بگەیەنێت و بڵێت: ”ئەوەی داوامان کردووە لە کابینەی داهاتووی حکوومەت، ئەگەر وەری نەگرین، دەتوانین لە بەغدا ئەو کارەمان بکەینە ڕاستی“. بەڵام بەدووری زانی هەوڵی بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە سەرکەوتوو بێت و گوتی: ”خۆشبەختانە وەزیری دارایی جەختی لەوە کردەوە کە بەغدا پابەندە بە ڕێککەوتنەکە و چیتر سیستەمی پاشەکەوتی مووچە ناگەڕێتەوە".



شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری یەکێتی بابەتی پێشنیازی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی بە هاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە قەڵەم دا و بۆ (باسنیوز) گوتی: ”ئەگەر پیلانەکەی یەکێتی چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، نابێ چاوپۆشی لێ بکرێت، چونکە لەکاتی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە واژۆی ٣٨ ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، %٥٠ی خاکی ھەرێمی کوردستانمان لە دەست دا کە ھۆکارەکەی یەکێتیی نیشتمانی بوو، بۆیە ئەگەر یەکێتی دووبارە دۆخێکی ئاوا درووست بکاتەوە، مانای قەبووڵ کردن نییە و نابێ یەکێتی شەڕی پۆستەکانی خۆی بە پیلانی نان بڕینی خەڵک بگێڕێت".



باسیشی لەوە کرد کە بزووتنەوەی گۆڕان بە مەرجی هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، بڕیاری بەشداریکردنی لە حکوومەت داوە و دڵخۆشیی خۆی بەوە دەربڕی کە ئێستا پاشەکەوتەکە هەڵگیراوە.




باسنیوز
Top