ژمارەی قوربانیانی لافاو لە ئێران گەیشتە 40 کەس
لەمبارەوە مێهرداد عەلی بەخشی، بەڕێوەبەری بەشی قەیرانی پزیشکی یاسایی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، هەتا ئێستا بەهۆی لافاوەکان لە شاری شیراز 19 کەس، لە خووزستان یەک کەس، لە بوویر ئەحمەد یەک کەس و پێنج کەس لە گولستان، دوو کەس لە پارێزگای لوڕستان، لە کرماشان یەک کەس، لە ئیلام یەک کەس و لە پارێزگای سمنانیش یەک کەس گیانیان لەدەست داوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمە تەنیا بەهۆی شەپۆلی دووەمی بارانبارین و هەستانی لافاو ئەو ڕێژەیە گیانیان لەدەست داوە و پێشتریش 9کەس لە پارێزگاکانی گولستان و خۆراسانی باکوور گیانیان لەدەست داوە.
زیاترین قوربانیەکان لە شاری شیراز بوون کە 19 کەس بووە و جیالە زیانی گیانی، هاوکات بە سەدان ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان لە شیراز و شارەکانی دیکە ئاو بردوویە و تێک چوون و بە سەدان خانووی هاووڵاتیان و پرۆژەی خزمەتگوزاری، کێڵگە و پرۆژەی پیشەسازی و بە هەزاران دۆنم زەوی و زار تێکچوون و بوونەتە ژێر ئاوەوە.
دەیان بەنداوی ئێران بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارینەوە سەرڕێژیان کردووە و مەترسیی تەقینیان لەسەرە و دۆخی ئێران ناجێگیرە.
باسنیوز
