ئاگاداریهك بۆ دانیشتوانی دهوروبهری زێی بچووك
لهم بارهیهوه بەڕێوبەری ناحیەی تەقتەق داوا لە هاوڵاتیان، جوتیاران و خاوەن پڕۆژە گەشتیاری و پەلەوەریەکان، خاوەنی پڕۆژهی بهخێوكردنی ماسی، کانەکانی چەو و لم لە سنووری هەردوو ناحیەی ئاشتی و تەقتەق دەکات، ئاگاداری خۆیان بن و کەل و پەلەکانیان لەدەوری زێیەکە دوور بخەنەوە.
عومەر ئەحمەد، بەڕێوبەری ناحیەی تەقتەق لە بڵاو کراوەیەکدا ئاشكرایكرد، بڕیاره کاتژمێر (۷) ی بەیانی ڕۆژی پێنج شەمە ۲۸ ی ۳ ی ۲۰۱۹ بڕێکی دیكهی ئاوی دەریاچەی دوکان بەربدرێتەوە، بەو شێوەیەش ئاوی زێی بچووك کە بەناو شارۆچکەی تەقتەقدا تێدەپەڕێت، نزیکەی یەک مەتری دیكه بەرز دەبێتەوە۰
ئاماژهی بهوهشدا، لەلایەن بەڕێوبەری گشتی بەنداوەکان و بەڕێوبەری بەنداوی دووکان لەبارەی بەردانەوەی زیاتری ئاو لەبەنداوی دووکان ئاگادار کراونەتەوە.
پێشتریش محمد تاهیر، بەڕێوبەری بەنداوی دووکان له لێدوانێكدا ڕاگەیاندبوو، بەردانەوەی ئاوی زێی بچووك لەلایەن ئێرانهوه کێشە بۆ پلانەکانی ئەوان درووست دەکات و باش نابێ، چونکە بەهۆی زۆری باران بارین لەکۆی 7 ملیار مەتر سێجای ئاوی بەنداوەکە، ئێستا کەمتر لە نیو ملیار مەتر سێجا ماوە بۆ پڕ بوونی بەنداوەکە.
k24-
