شاندێكی باڵای هاوپەیمانیی دژ بە داعش سەردانی مەزاری نەمرانیان كرد
ئەمڕۆ شاندێكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، بە یاوەریی سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری گوێڕ و مەخمووری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، سەردانی مەزاری نەمرانیان كرد، كە پێك هاتبوون لە نوێنەرانی وڵاتانی ئەمەریكا و ئەڵمانیا و هەنگاریا، ئیتاڵیا و فینلاند، كە یەك لە دوای یەك تاجەگوڵینەیان لەسەر گڵكۆی مەزاری نەمران دانا."
فەرماندەیەكی پێشمەرگەش، وەك نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە، خۆیانی بە بەختەوەر زانی، كە لەگەڵ نوێنەری وڵاتان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەردانی مەزاری نەمرانیان كردووە، كە وەك وەفایەك بۆ گیانی پاكی بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشەزیندوو، هاوكات وەك وەفایەك بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدانی كوردستان، بە تایبەت شەهیدانی دژ بە تیرۆریستانی داعش، ئەو سەردانەشی وەك ڕێز لە خەباتی سەرجەم شەهیدان و بە تایبەت بارزانی نەمر ناو برد، كە هەموو تەمەن و ژیانی خۆی لە پێناو نەتەوەكەی بەخت كرد.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە بە ناوی وەزارەتی پێشمەرگە و گەلی كوردستانیشەوە سوپاسی هێزی هاوپەیمانانی بۆ پاڵپشتییان لە وەزارەتی پێشمەرگە و بۆ گەلی كورد كرد، كە زۆربەیان بەڵێنیان داوە لە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە، كە لە ڕووی لۆجستی، مەشق و ڕاهێنان و پرۆسەی ڕیفۆرم و چاكسازی بەردەوام بن.
دواتر عەقید ڤێندێڵ بە ناوی شاندی هێزی هاوپەیمانانەوە دوا، كە سوپاس و دەستخۆشیی خۆیانی لە هەموو ئەو كەسانە كرد، كە خەباتیان كردووە و توانیویانە بەسەر گرفتەكاندا زاڵ بن، هاوكات گوتیشی: "سەری ڕێز بۆ خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و ئەو شەهیدانە دادەنەوێنین، كە نەك تەنیا بۆ كوردستان، بەڵكو بۆ هەموو عێراق و جیهان سەلماندیان، كە دەتوانن بەسەر داعش و دوژمناندا سەر بكەون".
kdp-
