دەست بە دروستکردنی ڕێگای هەولێر بۆ دهۆک دەکرێ

دەست بە دروستکردنی ڕێگای هەولێر بۆ دهۆک دەکرێ
بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی ھەولێر دەڵێ، لە چەند ڕۆژی داھاتوو دەست بە دروستکردنی ڕێگای ھەولێر بۆ دھۆک دەکرێت و بڕیارە ھەفتەی داھاتووش ڕێگای ھەولێر بۆ خەبات نۆژەن بکرێتەوە.

ھونەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوەی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دروستکردنی ڕێگای ھەولێر بۆ دھۆک دوو بەشە، بەشێکی لە ڕێگەی پارێزگای ھەولێر دروست دەکرێت، کە لە ھەولێر تا سەر پردی کۆپاڵ دەڕوات و بەشەکەی دیکە لە پردی کۆپاڵەوە تا دھۆک لە لایەن پارێزگای دھۆکەوە دروست دەکرێت و ئەوەی ھەولێر گرووپی کۆمپانیاکانی ھێمن کارەکەی دەکەن و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە دروستکردنی دەکرێت و لە سنووری دھۆکیش بە ھەمان شێوە دەست پێ دەکرێت."

ھونەر نووری گوتیشی: "بڕیارە ئەو ڕێگایە بە شێوەیەکی زۆر باش دروست بکرێت و لە ماوەی دوو تا سێ ساڵیشدا ڕێگاکە تەواو بکرێت."

نووری باسی لەوەش کرد: "بڕیارە ھەفتەی داھاتووش دەست بە نۆژەنکردنی ڕێگای ھەولێر بۆ خەبات بکرێت، چونکە ڕێگاکە تێک چووە و ئەم ھەفتەیەش بەھۆی ناجێگریی کەشوھەواوە نۆژن نەکرایەوە."
KDP-
Top