"لە سەرەتای مانگی دابێ ١٠ ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ بەڵێندەران خەرج دەکرێت"
ئازاد حەسەن ڕەزا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان دەڵێت: "بڕیارە لە سەرەتای مانگی نیسان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوژمەیەکی دیکەی پارە بۆ بەڵێندەران خەرج بکات، کە بەشێکی لە پارەی پتڕۆ دۆلارە و ئێمە چاوەڕێین ١٠ ملیۆن دۆلارێک لە پارەی پتڕۆدۆلار لە دوای ١ی نیسان بۆ بەڵێندەران خەرج بکرێت."
جێگری سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێشتریش حکوومەت سەت ملیۆن دۆلاری بۆ بەڵێندەران خەرج کردبوو، بەڵام پارەی پێشوو ھەمووی تەواو نەبووە و بەشێک لە بەڵێندەران لە کاتی قەیراندا چەکەکانیان فرۆشتووە، نازانین چەندی لەو پارەیە ماوە، بەڵام بڕیارە گوژمەیەکی دیکە جگە لەو سەت ملیۆنەش بۆ بەڵێندەران خەرج بکرێت."
ئازاد حەسەن ڕەزا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەڵێندەرانی کوردستان لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەھۆی قەیرانی داراییەوە بێئومێد ببوون، چونکە نە پارە خەرج دەکرا و نە پڕۆژە بۆ جێبەجێکردن ھەبوون، ئێستا بەڵێندەران دڵیان بەقەد ساڵانی پێش قەیرانی دارایی خۆشە، چونکە ئومێدێکی زۆر ھەیە، ھەم قەیران نەمێنێ و ھەمیش کار دەست پێ بکاتەوە."
kdp-
