شاندێکی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسیی ڕووسی سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد

شاندێکی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسیی ڕووسی سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسیی ڕووسی، بەشی کوردی کرد، کە بە سەردانێکی زانستی هاتوون و لێکۆڵینەوە بۆ نووسینی کتێبێک لەسەر کوردستان بە ناونیشانی ''کوردستان لە قۆناغی نۆێدا'' دەکەن.

پەیمانگای ناوبرا یەکێکە لە کۆنترین و دەوڵەمەندترین ئەرشیڤەکان لەسەر مێژووی کورد و کوردستان. شاندەکە پێک ھاتووە لە یوری ڕۆمانەڤیچ دەسنی، سەرۆکی پەیمانگای ئێزدی بۆ لێکۆڵینەوەی ئایینی و مێژوویی و، کیریڵ ڤالێنتینەڤیچ ڤێرتیاێڤ، گەورە فەرمانبەر و لێکۆڵەری بەشی کوردیی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی و، لانە مەجیدەڤنە ڕەڤەندە فادی، گەورە فەرمانبەر و لێکۆڵەری بەشی کوردیی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی.

لەو دیدارەدا باس لە ڕەوشی ئێستای کورد و کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرا، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان کە بە قۆناغێکی گرنگ و هەستیاردا تێ دەپەڕن. بەڕێز سیوەیلی سوپاسی پەیمانگای ناوبراوی کرد بۆ ئەو کارانەی لەسەر کوردستان کردوویانە و بەردەوام لەسەریان و بەڵێنی هاوکاری و پاڵپشتیی دا. پاشان بە وردی باسی لە سیاسەتی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ شاندی میوان کرد. لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و بەغدا باشن و بەرەو باشتریش هەنگاو دەنێن، بە حوکمی ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق تێگەیشتنی باشتر و ڕوئیایی جیاوازی بۆ پرسی کورد و چارەسەری کێشەکان هەیە. هەرچەندە هەندێک کەسی دیکەی لە عێراقدا دەیانەوێت پرۆسەی سیاسیی عێراق بە ئاراستەیەکی دوژمنانە بەرامبەر پێکهاتەکانی عێراق پێڕەوەی بکەن، بەڵام ئێمە دڵنیاین کە ئەوانە هەروەکو هەمیشە سەرکەوتوو نابن. دەربارەی پرسی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڕێز سیوەیلی دووپاتی سیاسەتی پارتیی کردووە کە بریتییە لە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان بە ئامانجی گەیشتن بە داخوازییە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە ڕێگای ئاشتییانەوە.

یوری ڕۆمانەڤیچ، بە ناوی شاندی میوانەوە سوپاسی ئەو دیدارەی کرد و، سوپاسی جەنابی سەرۆک بارزانیی کرد بۆ ئەو هاوکاری و پاڵپشتییانەی کە لە پەیمانگاکەیانی کردووە بو بەردەوامبوون لە کار و چالاکییەکانیان و نوێکردنەوەی سەنتەرەکەیان. پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی باسیان لە کار و چالاکییەکانی خۆیان کرد کە مەبەستی سەرەکییان ناساندن و لێکۆڵینەوەیە لە پرسی کورد بەرەوپێشەوەبردنی دۆزی گەلی کوردستان."
kdp-
Top