د. محەمەد بازیانی: دەبێ پەلە لە ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بکرێ
سیاسەتمەداری کورد، د. محەمەد بازیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دواکەوتنی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاریگەریی سلبیی دەبێت لەسەر ھاووڵاتییان و لەسەر ئاستی وڵاتانیش بۆ کورد باش نییە، چونکە ھەرێمی کوردستان وڵاتێکی دیموکراتە و ھەڵبژاردنی لێ ئەنجام دراوە و قوربانیی زۆریشی لە ڕێگەی پێشمەرگەدا داوە، بۆیە گرنگە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت و پەرلەمانیش کارا بکرێت بۆ ئەوەی دەست بە دەرکردنی یاسا بکات."
د. محەمەد بازیانی باسی لەوەش کرد: "بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە ڕەمزی ھەرێمی کوردستانە، پێویستە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە، بۆیە پێویستە کۆدەنگی بۆ دروست بکرێت، بۆیە زەروورە یاساکە ھەموار بکرێتەوە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێرن، چونکە لە ڕێگەی ئەو، سەرۆکی حکوومەت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ ڕادەسپێردرێت."
بازیانی باسی لەوەش کرد: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە ماوەیەکی دیاریکراودا حکوومەت دروست دەکات، بۆیە ھەمووی پێکەوە گرێ دراوە و دواکەوتنیشی زەرەر و زیانی لە ئێستا و داھاتووشدا دەبێت و ھاووڵاتیانیش متمانەیان بە ھەڵبژاردن نامینێت، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت، لەبەر ئەوەی بە دروستکردنی حکوومەت بازاڕیش زیاتر دەبووژێتەوە و بازرگانی زیاتر دەبێت و ھەموو کارەکان ڕاستەڕێ دەبن."
kdp-
