یادی جەژنی نەتەوەییی نەورۆز لە پۆڵەندا بەرز ڕاگیرا

یادی جەژنی نەتەوەییی نەورۆز لە پۆڵەندا بەرز ڕاگیرا
دوێنێ، سێشەممە، ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ی کوردی، بەرامبەر بە ٢٦ی ئاداری ٢٠١٩، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا یادی جەژنی نەتەوەییی نەورۆزی کردەوە. لە یادەکەدا چەندین کەسایەتیی بەناوبانگی پۆڵەندی و بیانی بەشدار بوون.

لە یای جەژنی نەورۆز لە پۆڵەندا هەریەک لە نوێنەرانی حکوومەتی پۆڵەندی و وەزارەتەکانی دەرەوە و دارایی و ئابووری، نوێنەرانی حکوومەتە خۆجێییەکان، پەرلەمانتارانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا و پەرلەمانی پۆڵۆنیا، باڵیۆز و سەرکونسووڵ و کونسووڵی فەخریی چەندین وڵات، دیپلۆماتکارانی ئەورووپایی، نوێنەرانی زانکۆکانی پۆڵۆنیا، نوێنەرانی ئەو ڕێکخراوە خێرخوازیانەی کە یارمەتیی مرۆیی پێشکەشی ئاوارەکانی کوردستان دەکەن، دەزگاکانی میدیا و ڕاگەیاندن، دۆستانی کورد لە پۆڵۆنیا بەشدار بوون.

نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی لە هەرچوار پارچەی کوردستان و قوتابییە کوردەکان بە جلوبەرگی ئاڵوواڵای کوردییەوە پێشوازییان لە میوانەکان کرد.

میوانەکانیش پیرۆزباییی ساڵی نوێی کوردییان کرد و هیوای داهاتوویەکی گەشیان بۆ کورد و کوردستان خواست.

سەرەتای یادەکە بە چەند خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان لەگەڵ ماڕشی نەتەوەییی ''ئەی ڕەقیب'' و ماڕشی نەتەوەییی پۆڵەندی دەستی پێ کرد.

دواتر زیاد ڕەئووف، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا وتاریکی پیشکەش کرد و تێیدا باسی لە گرنگیی مانگی ئادار بۆ نەتەوەی کورد کرد کە هەم ڕووداوی دڵخۆشکەر، هەم ڕووداوی دڵتەزینی تێدایە؛ لەوانە ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ و جینۆسایدی هەڵەبجە لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١. هەر لەو مانگەشدا بارزانی نەمر، ڕێبەری ڕزگاریخوازی کوردی لەدایک بووە و کۆچی دواییی کردووە. یەکێکی تر لە یادە گرنگەکان، سەری ساڵی نوێی کوردییە کە دەکەوێتە ٢١ی هەمان مانگەوە. هەروەها ئاماژەی بە کەلتوور و مێژووی جەژنی نەورۆز و گرنگیی ئەو یادە نەتەوەییە کوردییەی بە ئامادەبووان ڕاگەیاند. پاشان بەڕێزیان باسیان لە دواپێشهات و دۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی کوردستان و ناوچەکە بۆ ئامادەبووان کرد و ئاماژەیان بەوە دا کە بەڕێز عادل عەبدولمهدی، وەک سەرۆکوەزیرانی تازەی عێراق کەسێکی گونجاوە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا و هەندێک هەنگاوی جددی ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. لە کۆتاییی وتەکانیدا، بەڕێز زیاد ڕەئووف سوپاسی حکوومەتی پۆڵەندی و وڵاتانی تری ناو هاوپەیمانیی نیودەوڵەتیی دژ بە تیرۆری کرد بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هەماهەنگییەک لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە لە ماوەی جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا. هەروەها سوپاسی دەزگا خیرخوازییەکانی کرد کە یارمەتی پێشکەش بەو ئاوارانە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و هیوای بەردەوامی و هاریکاریی زیاتری بۆ خواستن.

پاشان  خاتوو ئەلیکساندرا خانزێل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی مازۆڤێسکی کە وارشۆ پایتەختیەتی، وتارێکی بە ناوی سەرۆکی هەرێمی مازۆڤێسکی خوێندەوە و تێیدا پیرۆزباییی خۆیان بۆ یادی نەتەوەییی نەورۆزی ڕاگەیاند و هیوای ئاشتی و سەقامگیریی زیاتریان بۆ کوردستان خواست و ئاماژەی بە هەوڵەکانیان دا بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا.

لە لایەکی ترەوە چەندین نامەی پیرۆزبایی بۆ نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە پۆڵەندا نێردرا لەوانە نامەی: پارێزگاری شاری پۆتکورپات، پارێزگاری شاری چانستاخۆڤا، سەرۆکی زانکۆی ماری کیوری لە شاری لوبلین-پۆڵۆنیا و، چەندین کەسایەتیی تایبەت و دۆستی کورد لە پۆڵۆنیا.

پاش کۆتاییهاتنی خوێندنەوەی وتارەکان، میوانەکان لە کەشێکی ئارامدا لەگەڵ قوتابییە کوردەکاندا کەوتنە گفتوگۆ و سەرسامی و خۆشحاڵیی خۆیان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی دەربڕی. جێی ئاماژە و دەستخۆشییە کە خاتوو ماوگۆژاتکا ئۆلاشینتسکا، نوێنەری ڕێکخراوی پزیشکیی خێرخوازیی پۆڵەندی بە جلی کوردییەوە ئامادەی یادەکە بوو. ئەم هەڵوێستەی بەڕێزیان نیشاندانی دۆستایەتییانە بۆ گەلی کورد.
 

شایەنی باسە ئەم جۆرە پرۆگرامانە کار لەسەر زیاتر ناساندنی کەلتوور و مێژووی کوردی دەکات بە خەڵک و کاربەدەستانی پۆڵۆنیا.

 

لە کۆتاییدا، وەک نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، دەستخۆشی لە یەکە بە یەکەی ئامادەبووان دەکەین و پیرۆزباییی خۆمان ئاراستەی هەموو کوردێکی بەشەرەف دەکەین لە هەرچوار پارچەی کوردستان و جیهان. هیوادارین هاتنی نەورۆز و چرۆکردنی گوڵە جوانەکانی کوردستان ببێتە هەوێنی کۆتاییهاتنی ناخۆشییەکان و زیاتربووژانەی کوردستان.
kdp-
Top