لە سلێمانی تۆمەتبارێک لەناو بانکی ڕەشید دەستگیر کرا

لە سلێمانی تۆمەتبارێک لەناو بانکی ڕەشید دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، تۆمەتبارێک دەستگیر کرا کە ویستبووی لە ناو بانکێکی سلێمانی گیرفانی ھاووڵاتییان ببڕێتِ.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27/3/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "ئەمڕۆ چوارشەممە 27/3/2019، ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆمەتبارێکی بە ڕەگەز ئێرانییان دەستگیر کرد، کە ویستبووی لەناو بانکی ڕەشید لە شاری سلێمانی گیرفانی ھاووڵاتییان ببڕێت".

باس لەوەش کراوە: "دوێنێ سێشەممە تۆمەتبارێک بە مەبەستی بڕینی گیرفانی ھاووڵاتییان سەردانی بانکی ڕەشیدی کردووە، دوای ئەوەی بڕی 50 ھەزار دیناری عێراقی لەسەر مێزی یەکێک لە کارمەندەکانی بانکەکە دەبینێت، دەیبات و ھەڵدێت".

پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی کردووەتەوە: "ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕووداوەکە ئاگادار کرانەوە و بەدواداچوونەکان دەستیان پێ کرد و دوای لێدانەوەی کامێرای چاودێری، تۆمەتبارەکە ناسرایەوە، ئەمڕۆ و بەھەمان مەبەست تۆمەتبارەکە سەردانی بانکەکەی کردووەتەوە، لەوێ لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە تۆمەتبارەکە ناسراوەتەوە و دەستگیر کراوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو: "تۆمەتبارەکە (ڕ، ب، ر) بە ڕەگەز ئێرانی، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە".










باسنيوز
Top