پۆلیسی ھەولێر زانیاری لەبارەی ڕووداوێکی کوشتن بڵاو دەکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 27/3/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "ئەمڕۆ پۆلیس ئاگادار کرانەوە بە بوونی ڕووداوێکی کوشتن، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوت کە کەسێک لە پیشەسازی باشوور بە ناوی (سە، م، ع) لەدایکبووی (1979)، گیانی لەدەست داوە".
پۆلیسی ھەولێر باس لەوەش دەکات: "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە کارمەندێکی پۆلیس لە شوێنی ڕووداوەکە بووە و تاوانی گیان لەدەستدانەکەش بە دەمانچەی پۆلیسەکە ئەنجام دراوە، پۆلیسەکەش خۆی ڕادەستی پۆلیسی ھەولێر کردووە".
ئەوەش خراوەتە ڕوو: "تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی کراوە، ئێستاش پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەوەی بزانرێ ئاخۆ ئەو کەسە بە دەمانچەی پۆلیسەکە خۆی کوشتووە، یان ئەوەتا پۆلیسەکە تاوانەکەی ئەنجام داوە، لە نزیکترین کاتدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەکە دەخرێتە بەر دەستی دادوەری لێکۆڵینەوە و ئەنجامەکەش بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە".
نیوەڕۆی ئەمڕۆ موقەدەم کاروان خۆشناو، گوتەبێژی پێشووی پۆلیسی ھەولێر، لە پەیجی تایبەتیی خۆی، لە فەیسبووک، گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕووداوەکەی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، کە ڕووداوێکی کوشتن لە ھەولێر ھەبووە، بەڵام زانیاریی زیاتری بڵاو نەکردەوە.
باسنيوز
