کۆچەر بیرکار چیرۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 27-3-2019، رێوڕەسمێک بۆ پێدانی دکتۆرای فەخری لەلایەن زانکۆی سەڵاحەدین بە پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، گەورە زانای بیرکاریی، بەڕێوە چوو.
کۆچەر بیرکار لە وتەیەکدا، ئاماژەی بە سەرەتای ژیانی خۆی کرد، کە لە گوندی نەی لە شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە.
دەقی وتارەکەی کۆچەر بیرکار:
سڵاو میوانە بەڕێزەکان
زۆر بەخێربێن
سەرەتا دەستخۆشی دەکەم لەو کەسانەی کە ئەم کۆبوونەوەیان ڕێکخستووە، بەتایبەتیش زانکۆی سەڵاحەدین
ھەروەھا بەخێرھاتنی ھەمووتان دەکەم، بەتایبەتیش بەرپرسانی حکوومەت، کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک قوباد تاڵەبانی
زۆر خۆشحاڵم کە دیسان دێمەوە ھەرێمی کوردستان، دوای ٩ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٠ ئەوکاتەش بۆ سەردانی زانکۆی سەڵاحەدین ھاتمە کوردستان.
من ٤٠ ساڵ لەمەوبەر لە گوندی (نێ) لە مەریوان لە بنەماڵەیەک لە دایک بووم کە گوندەکە خوێندن وەکوو خوێندنی ئەم سەردەمە پێشینەی نەبوو. زۆربەی خەڵک نەیاندەتوانی درێژە بە خوێندن بدەن. چونکە لە باری ئابوورییەوە بۆیان نەدەڕەخسا و ناچار دەبوون بچنە شارێکی دیکە.
چەند مانگ دوای لەدایکبوونم، شۆڕشی ئێران ڕووی دا کە دۆخەکە بە تەواوی تێکچوو، پێشتریش دۆخەکە باش نەبوو. من لە کاتێکدا لەدایکبووم کە ھەم لە باری سیاسی و حکوومییەوە باش نەبوو، ھەم لە بارێکی دیکەوە، کورد و مێژووی کورد، ژیانی کورد لەسەر کشتوکاڵ دامەزراوە.
ئەو دۆخە ھەمیشە گوشار دەخاتە سەر مرۆڤەکان و لەبارێکیتریشەوە جۆرێکیتر شڵەژان بوو. لە ٦ ساڵی چوومە خوێندنگە، کاتی شەڕ بوو و ئەوکاتە شەڕی عێراق و ئێران بوو، پێنج ساڵی سەرەتای خوێندنم ھەمووی شەڕ و بۆمب و تەیارە و ئەو شتانە بووە، بەڵام ھەمیشە خوێندنگە لە گوندەکەمان ھەبوو، بەڵام چەند مانگێک وەکوو ئاوارە بووین. ئەوکاتە ماڵێک کرابووە خوێندنگە، بەڵام سوپاسی مامۆستاکان دەکەم کە لەو دۆخەدا کەسانی وەکوو من و ھاوڕێکانمیان فێر کرد. من لێرەوە سوپاسی ھەموو مامۆستاکانی تەمەنم دەکەم. ھەروەھا سوپاسی بنەماڵەمان و بە تایبەتی دایک و باوکم دەکەم کە لەو دۆخەدا چەند منداڵیان پەروەردە کرد و دواتر ئێمەیان ناردە بەر خوێندن. من چوار برام ھەیە و خوشکێک کە دایک و باوکم زۆر لەگەڵمان خەریک بوون کە بخوێنن.
من یەکەمجار لە تەمەنی ١٠ ساڵی و لە پۆلی ٥ ھەستم کرد کە لە بیرکاری باشم و لەگەڵ سرووشتی من دەگونجا و خۆشەویستیم بۆ بیرکاری درووست بوو. یەک دوو ساڵ دواتر برا گەورەکەم لەگەڵم خەریک بوو کە بیرکاری و فیزیکیش فێر بووم، ئەوەش چانسێکی گەورە بوو بۆم کە برایەکی وەھا لەلام بێت. ئەو خولقێنەر بوو و ھەموو کاتەکانی بە درووستکردنی شتەوە خەریک بوو، ئەوەش زۆر کاریگەری لەسەر پەروەردەکردنی من ھەبوو.
لە دواناوەندی خۆشەویستیم بۆ بیرکاری زیاتر بوو، بە قووڵی خەریکی بووم، کتێبخانەیەکی تێدابوو لە شاری مەریوان، کتێبی بیرکاریی زۆر باشی تێدابوو، نازانم بۆ ئەو کتێبانە لەوێ بوون چونکە کەسیتر نەیدەخوێندەوە. من ئەو کتێبانەم دەھێنا و دەمخوێندەوە کە کتێبی دەرەوەی خوێندن بوون. ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئەوانەی گەنجن. ئەگەر تەنیا کتێبی خوێندنگەکە بخوێنیت، بەس نییە و دەبێت لەوە دەربچیت. من بۆ نمرە و بڕوانامەم نەبوو، بۆ تێگەیشتنم بوو لە بیرکاری وەکوو ھونەر و شتێک کە زۆر حەزی لێ بکەین. ئەگەر لە کورد بڵێین شیعرم پێ خۆشە، ھەموو تێدەگەن، بەڵام کەس تێنەدەگەیشت کە من دەمگوت حەز لە بیرکاری دەکەم.
دوای دواناوەندی، چوومە زانکۆ، بەکالۆریۆسی بیرکاریم خوێند، ئەوکاتە نەک ھەر کتێبی دەرەوەی خوێندنگە، شتێکی گرنگترم دەکرد وەکوو لێکۆڵینەوە لە بیرکاری، دەمگوت بەس نییە کە ھەر کتێبی کەسانیتر بخوێنمەوە، بەڵکوو دەمگوت شتی خۆم ھەبێت، بەڵام کەسم لە دەوردا نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بیرۆکەکە گرنگە و باشە.
من زۆر شوێنی دونیا گەڕاوم، دەبینم لە وڵاتان بەتایبەتیش چین، خەریکن بە سیستەماتیک خەریکی ئەم شتەن. خوێندکار لە دواناوەندی خەریکی لێکۆڵینەوەیە. فێری خوڵقاندن و داھێنان دەبن.
دواتر کە چوومە زانکۆ، لەسەر ئەو رەوتە بەردەوام بووم، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠ چوومە بەریتانیا، ساڵێک دواتر دەستم بە خوێندنی دکتۆرا لە بەشی بیرکاری کرد، ئەوکات ناوم گۆڕی بە کۆچەر بیرکار، حەزم دەکرد ناوێک بێت کە کەسایەتیی من دەربخات. ناوێک کە دایک و باوک و مامت بۆت دادەنێن، لەوانەیە سرووشتی تۆ دەرنەخات، کۆچەر کەسێکە لە شوێنێک ناوەستێت و منیش پەنابەر بووم لە بەریتانیا بۆم ، ئەوە شتێکی گونجاو بوو. دەشمویست ببم بە بیرکار، ئەوەش گونجاو بوو و کەسایەتیی من باس دەکات. کۆچەر بیرکار مانایەکی دیکەی ھەیە کە کۆچەر مانای کەسێک کە لە دونیای بیرکاریدا دەگەڕێت شت دەدۆزێتەوە.
دوای تەواوکردنی دکتۆرا، ھەر لە زانکۆکانی بەریتانیا خەریکی کارکردن بووم، کارکردنەکەش خۆی وانەگوتنەوەیە، بەڵام بە زۆری لێکۆڵینەوەیە و دەبێ شتی تازە وەربگریت و کۆد حەل بکەیت و بڵاوی بکەیتەوە.
دوای ٢٥ ساڵ، بە چڕی خەریکبوون بە بیرکاری، ئەو کاتە ئەو خەڵاتە بە من بەخشرا، ئەمە شتێک نەبوو بۆ پێشبڕکێیەکی یەک ڕۆژە یان کارێکی یەک مانگە دانرابێت، بۆ ئەو کارە بوو کە من ١٢ ساڵە خەریکم، بەڵام وەک بنەما ٢٥ ساڵە من کارم لەسەریان کردووە.
ئەوەیان دەمھێنێتە سەر بابەتی دووەمی ئەم وتارە ئەویش ئەوەیە کە ھەموو وڵاتێک زانای داھێنەری پێویستە، ئەوەش کەسێکە دەزانێت و دەتوانێت شتی تازە بخولقێنێت و داھێنەر بێت. ئەو وڵاتانەی پێشکەوتوون، کەسانی داھێنەر و خولقێنەریان ھەیە، بە تەنیا یەک و دوو و سێ و چوار و پێنج کەس وڵات پێش ناکەوێت، پێویستیمان بە کۆچەر بیرکاریتر ھەیە و دەبێ کار لەسەر زانای داھێنەر بکەین. ئەوەش ھەر لە خانەوادەوە دەست پێ دەکات کە دایک و باوک دەتوانن ھانی منداڵەکانیان بۆ فێربوون و خوڵقاندن بدەن.
من منداڵێکم ھەیە ٥ ساڵە و لە سێ ساڵیش لەگەڵی خەریک بووم کە شتی تازە درووست بکات، گرنگ نییە ئەگەر پێشکەوتوو بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە فێری بکەیت شتی تازە درووست بکات. دواتر خوێندنگە و مامۆستا گرنگە و دەبێت ئەویش بە جۆرێک فێری فێربوون و خولقاندن بکات و پەیوەندیی نێوان منداڵ و مامۆستا زۆر گرنگە، بەداخەوە لای ئێمە، بەتایبەتی پێشتر منداڵ بە جۆرێک جیاواز و خولقێنەر بوو، سەرکوت دەکرا و دەوروبەرەکەی تێنەدەگەیشتن، ھیوادارم ئێستا ئەوە باشتر بووبێت. پەیوەندیی مامۆستا و منداڵ گرنگە و مامۆستای باش دەتوانێت منداڵی باشتر پێبگەیەنێت. دواتر قۆناغەکانی دیکە دەست پێ دەکەن.
وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ ئەوەی کەسێکی داھێنەر درووست بکەن، لەوانەیە ٢٠٠ ھەزار پۆینتی تێبچێت، ئەو کارە کات و سەرمایەی دەوێت، داوا لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم کە لەسەر ئەوە ئیش بکەن ھەر لە منداڵییەوە تا زانکۆ ئەوە بکەن و پشتیوانی لە کەسانی داھێنەر بکەن. کامانەن باشترین خوێندکارەکان؟ با ئەوانە بچنە دەرەوەی وڵات بخوێنن، با ئەوانەی باشترین لێکۆڵینەوەیان ھەبووە، ئەوانە بێنەوە و لێرە دابمەزرێن.
من و چەند ھاوڕێیەکم دەمانەوێت رێکخراوێک بۆ پەرەپێدانی خوێندن و زانست لە نێو کورد دابنێین، چونکە ئەوە لە نێو کورددا زۆر لەدواوەیە و ھەموومان ھۆکارەکانی دەزانین، ناچارین لەسەری کار بکەین، دەمانەوێت ئەو ڕێکخراوە بە جۆرێک کار بۆ دروستکردنی ئەو زانا داھێنەرە بکات، دەمانەوێت لەمبارەیەوە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەمبارەیەوە قسە بکەین. ئەگەر پێنج نیوەی کۆچەر بیرکاریشمان ھەبێت ھەر زۆر باشە.
باسنيوز
