وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی سەفەری حاجیانی کوردستان زانیاری دەخاتە ڕوو
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ساڵانە ژمارەی حاجیانمان بەپێی ئەو تیروپشکەی لە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجام دراوە ڕەوانەی سعودییە دەکەین، چونکە لە تیروپشکەکەدا ٨٦ هەزار ناومان نووسی و لەو ڕێژەیەش ١٢ هەزار کەسیان سەفەریان کردووە، ئەمساڵیش نزیکەی شەش هەزار کەسیان سەفەر دەکەن".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش کرد: "لە دوو ساڵی ڕابردووەوە سعوودیە شەش هەزار کەسی بۆ عێراق زیاد کردووە، لەو ڕێژەیەش هەرێم هەزار کەسی بەردەکەوێت، ئەگەر ئەمساڵیش ئەو ڕێژەیە هەبێت، ئەوا هەرێم دەتوانێت پێنج هەزار و ٨٦٧ کەس ڕەوانەی حەج بکات و هیچ ناوێکی نوێ نانووسرێ، بەڵام نازانرێت ئایا لە کابینەی نوێ و بەرنامەی وەزارەتی ئەوقاف لەو کاتەدا ناو دەنووسرێ یان نا، ئەگەر ناویش بنووسرێت ناوی ئەو کەسانە نانووسرێتەوە کە پێشتر ناویان نووسیوە، چونکە ناوەکانیان لامان هەیە و پێویست بە نووسینەوەی ناکات".
سەبارەت بە ئەو پارەیەی کە لە حاجیان وەردەگیرێت و دەچێتە خزمەتی کێ؟، نەبەز ئیسماعیل گوتی: "ئەو پارەیە چوار ملیۆن و ٨٩٠ هەزار دینارە و دەستەی حەجی عێراقی دیاری کردووە، لەبەر ئەوەی ٣٥ ڕۆژ لە سعوودیە دەمێننەوە بۆ هاتوچۆی فڕۆکە، هاتوچۆی دیکە، خواردن و بیمەی تەندروستیان خەرج دەکرێت".
ئەوەی خستە ڕوو کە ساڵانەی ٣٥ ڕۆژ پێش جەژنی قوربان ئەو کەسانەی دەچن بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەڕێ دەکەون، تا ئێستاش دیاری نەکراوە کە چ ڕۆژێ جەژن دەبێت گوتیشی ”ئاسانکاری بۆ حاجیان دەکرێت و لە فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێرەوە ڕاستەوخۆ بەڕێ دەکەون بۆ سعودیە و لێرە لێژنەیەک بەڕێیان دەکات و لەوێش لێژنەیەک پێشوازییان لێ دەکات و چاودێرییان دەکەن".
باسنیوز
