شاندێکی هاپەیمانیی نێودەوڵەتی سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد
بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێکهاتووە لە نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، هەنگاریا، فینلەندا و ئیتالیا و یەک بە یەکی نوێنەری وڵاتان تاجەگوڵینەیان لەسەر گڵکۆی مەزاری نەمران دانا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا فەرماندەیەکی پێشمەرگە، وەک نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە وێڕای بەخێرهاتنی نوێنەری شاندی هاوپەیمانان کرد و گوتی: "خۆمان بە بەختەوەر دەزانین لەگەڵ نوێنەری وڵاتان لە هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی سەردانی مەزاری نەمران بکەین و وەک وەفایەک بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر و ئیدریسی هەمیشە زیندوو، هاوکات وەک وەفایەک بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی تیرۆریستی داعش، ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەتەوە و ڕێز لە خەباتی سەرجەم شەهیدان و بەتاتیبەت بارزانی بگرین کە هەموو تەمەن و ژیانی خۆی لەپێناو نەتەوەکەی بەخت کرد".
گوتیشی: "بەناوی وەزارەتی پێشمەرگە و گەلی کوردستانەوە سوپاسی هێزی هاوپیەمانان دەکەین بۆ پاڵپشتییان لە وەزارەتی پێشمەرگە و بۆ گەلی کورد و بەختەوەرانە زۆربەیان بەڵێنییان داوە لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەڕووی لۆجستی، مەشق و ڕاهێنان و پرۆسەی ڕیفۆرم و چاکسازی بەردەوام بن".
پاشان عەقید ڤێندێڵ بەناوی شاندی هێزی هاوپەیمانانەوە لە وتەیەکدا گوتی: "سپاس و دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە خەباتیان کردووە و توانیویانە بەسەر گرفتەکاندا زاڵ بن و سەری ڕێز بۆ خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و ئەو شەهیدانە دادەنوێنین کە نەتەنیا بۆ کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو عێراق و جیهان سەلماندیان دەتوانن بەسەر داعش و دوژمناندا سەربکەون".
