بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دیالە: موڵک و ماڵی داگیركراوی کوردەكان بە مادەی ١٤٠ دەگەڕێتەوە
شێخ جەعفەر مستەفا بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی ڕاگەیاند : جوتیارانی خانەقین گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی ئەو زەویە کشتوکاڵیانەی لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن عەرەبەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و داگیر کراون، بۆیان بگەڕێنرێتەوە".
بەرپرسەکەی پارتی باسی لەوە کرد قایمقامی خانەقین کە لە پشکی یەکێتی نیشتمانییە، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دیالە کردووە، ئەویش گوتوویەتی ئەو بابەتە لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠دا چارەسەر دەكرێ، ئەگەر مادەکە جێبەجێ کرا، ئەوا ئەو زەویانەش بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە، گوتیشی "دەبێت هەوڵی جیدی بۆ گەڕانەوەی ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان بدرێت".
لەمبارەیەوە شێرکۆ میروەیس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیڕاگەیاند : هیچ موڵک و ماڵێکی جوتیارانی کورد لە خانەقین داگیر نەکراوە، بەڵام ھەندێک خەڵکی خراپەکار دەیانەوێت بە سوود وەرگرتن لە یاساکانی سەرکردایەتی شۆڕش ئەوەی کە ناسراوە بە قیادەی سەورە، ھەوڵی ئەوە دەدەن ئەو دۆخەی پێشوو بگەڕێتەوە، بەڵام ئێستە بە ھۆکاری ئەوەی ئەو ناوچانە پابەندن بە مادەی ١٤٠ی دەستوور، ھیچ پشتیوانیەکی یاسایی نییە و نیگەرانی بۆ جوتیارانی کورد دروست کردووە".
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی گوتیشی "ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ئەوانەی ھەوڵی داگیرکردنی موڵک و ماڵی جوتیارانی کورد دەدەن، ناتوانن لەو کارە سەرکەوتوو بن و ھەوڵەکانی خۆمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی ھەموو مافێک بۆ جوتیارانی کورد بگەڕێتەوە".
شێرکۆ میروەیس ئاماژەی بەوەش دا "نازانم بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین چی گوتووە، بەڵام ئێستە زەویوزارەکان بە دەستی جوتیارانی کوردەوەن، ھەندێک خەڵک دەیەنەوێ بە سوود وەرگرتن لە یاساکانی ڕژێمی بەعس ھەمان ستەم بگێڕنەوە، بەڵام ئەوەیان بۆ ناچێتە سەر، بێگومان ئێستەش ھیچ موڵکێکی کورد لەو ناوچانە داگیر نەکراوە".
باسنیوز
