سلێمانی.. 27 كەس دەستگیر كران

سلێمانی.. 27 كەس دەستگیر كران
پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كرد، 27 تۆمەتبار، كە فەرمانی گرتنیان لە دادگاوە بۆ دەرچووە، له‌ سلێمانی ده‌ستگیر كران.

لە راگەیەندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد: "تۆمەتبارێك دەستگیر كرا، كە هەستابوو بە تەقەكردن. دوای ئەوەی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین زانیارییان پێگەیشت، كە كەسێك لە گەڕەكی تاسڵوجە و لەناو ئۆتۆمبێلەكەیەوە تەقە دەكات، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین بازگەیەكیان لە شوێنی مەبەست دانا و توانییان تۆمەتبارەكە دەستگیر بكەن. ئێستا تۆمەتبارەكە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 21ی چەك، راگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر چەكی بەكارهاتوودا".

بەپێی راگەیەندراوەكە: "چوار تۆمەتباری دیکە بەپێی ماددەی 405-31 لە یاسای سزادانی عێراقی و 16 تۆمەتباری تریش بەپێی ماددەی 548 لە یاسای زیادەڕەویی، كە زیادەڕەوییان كردووەتە سەر موڵك و ماڵی گشتی، ده‌ستگیر كران. ئه‌مه‌و له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنی شەش تۆمەتباری دیكه‌ بەپێی چەند ماددەیەك لە یاسای سزادانی عێراقی".

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە: "لەلایەن بنكەی پۆلیسی راپەڕینەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ سەرجەم تۆمەتباره‌كان كراوەتەوە".
k24-
Top