ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر زانیاریی لەبارەی پڕۆژەی دانەوەی قەرزی فەرمانبەران ئاشکرا کرد

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر زانیاریی لەبارەی پڕۆژەی دانەوەی قەرزی فەرمانبەران ئاشکرا کرد
ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆ بووەوە و تێیدا بڕیار درا کە جگە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەم جارە پڕۆژەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران ئاراستەی پەرلەمانیش بکرێت بۆ ئەوەی بەیاسایی بکرێت و لە ڕێگەی یاساوە پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە. سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش دەڵێ، حکوومەت پاشکەوتی لە ٣٣ مووچە کردووە و حەوت مووچەشی نەداوە.

خانزاد مام وسوو، جێگری سەرۆکی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆ بووەوە و تێیدا بڕیار درا کە جارێکی دیکە پڕۆژەی دانەوەی قەرزی فەرمانبەران لە پاشەکەوتی مووچە ئاراستەی حکوومەت بکەن و جگە لەوەش، ئاراستەی پەرلەمانیش بکرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاساوە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە، چونکە ئەوە مافێکی سروشتیی فەرمانبەرانە."

خانزاد مام وسوو گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە حکوومەت قەرزی ھاووڵاتییان بداتەوە و ھاووڵاتیش قەرزی حکوومەت بداتەوە، وەکو پێشینەکان و قەرزی ئاو و کارەبا و ھەندێک باجەکانی سەر ھاووڵاتییان کە لە کاتی قەیرانی داراییدا ھاووڵاتییان نەیانتوانیوە بیدەنەوە، بۆیە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا پڕۆژەکە ئاراستەی حکوومەت و پەرلەمان دەکەن."

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، عەلی ڕەشید، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت حکوومەت وەکو ھەنگاوی یەکەم ئەو قەرزانەی وەکو پشینەکانی خانووبەرە و ھاوسەرگیری و کشتوکاڵ و قەرزی بچووک کە لای ھاووڵاتیانە لە مووچەیان نەبڕێت و لە پاشەکەوتی مووچەیان ببڕێت و دوای ئەوە ئەگەر ھاووڵاتییان پارەیان لای حکوومەت ما بیانداتەوە ئەگەر کەمیش بوو لە مووچەیان ببڕێت و ئەوانەی قەرزیان لەسەر نییە حکوومەت مانگانە برێک پارەیان بداتەوە."

عەلی ڕەشید باسی لەوەش کرد: "حکوومەت پاشەکەوتی مووچەی لە ٣٣ مووچە کردووە و حەوت مووچەی بەگشتی نەداوە."

عەلی ڕەشید گوتیشی: "بەپێی پڕۆژەکە ھەموو قەرزەکانی حکوومەت لەسەر ھاووڵاتیان دەگرێتەوە جا ھەر جۆرە قەرزێک بێت."
kdp-
Top