نەجاڕ: یەکلاکردنەوەی وەزارەتەکانی عێراق پێویستی بە فشاری دەرەکی ھەیە

نەجاڕ: یەکلاکردنەوەی وەزارەتەکانی عێراق پێویستی بە فشاری دەرەکی ھەیە
سەرەڕای دەربازبوونی چەندین مانگ بەسەر ڕاگەیاندنی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا ھێشتا پرسی چوار وەزارەت یەکلا نەکراونەتەوە و نوێنەرێکی کوردیش دەڵێ، ئەگەر فشاری دەرەکی نەبێت زەحمەتە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن.

وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ گرێکوێرەی کابینەی دکتۆر عادل عەبدولمەھدی بوون و لایەنەکان ئامادە نین، سازش بۆ یەکتر بکەن لەبارەی دانانی وەزیر بۆ وەزارەتە ئەمنییەکان، پێوەست بەم پرسە دکتۆر مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە: "ھەرچەندە بڕیارە لە وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەماندا پرسی وەزارەتەکان یەکلا بکرێتەوە، بەڵام ھێشتا لایەنە عێراقییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن."

ئەو پەرلەمانتارە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێشبینی دەکرێت تا ناوەڕاستی مانگی داھاتوو لایەنە عێراقییەکان بگەنە چارەسەرێک بۆ ئەوەی پۆستی ئەو وەزارەتانەی ماون پڕ بکرێنەوە، بەڵام خۆم زۆر گەشبین نیم لەسەر ڕێککەوتنی لایەنە عێراقییەکان، چونکە ھیچ لایەنێک ئامادە نییە سازش بۆ بەرامبەرەکەی بکات."

دکتۆر مەیادە نەجاڕ دەڵێت: "پێم وایە وڵاتانی زلھێز ڕۆڵیان ھەیە لە بەڕێوەبردنی عێراق و پێویستە ئەوان بێنە ناو کێشەکە و فشار بخەنە سەر لایەنە عێراقییەکان بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک و پرسی وەزارەتەکان بە یەکجاری چارەسەر بکرێت، بەبێ فشاری دەرەکی پێم وا نییە عێراقییەکان خۆیان بگەنە ڕێککەوتن."

لەبارەی ئەوەی وەک کابینەکانی ڕابردوو ژمارەیەک وەزارەت بەوەکالەت بەڕێوە ببرێن، نەجاڕ ئەو سیناریۆیەش بەدوور نازانێت و ڕوونی کردەوە: "ئەوەش یەکێکە لە ئەگەرەکان، بەڵام دواوادە بۆ جێگیرکردنی بریکاری وەزارەتەکان تا مانگی شەشی ئەم ساڵە بۆ وەزارەتەکانیش زۆر سیناریۆ ھەن."
kdp-
Top