سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ: پەرلەمان مافی لادانی ئێمەی نییە

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ: پەرلەمان مافی لادانی ئێمەی نییە
لە پەرلەمانی عێراق ئیمزا بۆ لادانی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ کۆ کراوەتەوە. سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵیش دەڵێ، بەپێی یاسا پەرلەمان مافی لادانی ئەوانی نییە.

سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە پەرلەمانی عێراق ١٢١ ئیمزا کۆ کراوەتەوە بۆ ئەوەی ھاوشێوەی پارێزگار و جێگرەکانی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵیش لە کار لابدرێت و ئیمزاکان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کراون و ئەویش ڕەوانەی لیژنەی یاساییی کردووە بۆ ئەوەی دیراسەی بکەن کە لە ڕووی یاسایییەوە پەرلەمان مافی لادانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەیە، یاخود نا."

سەیدۆ چەتۆ گوتیشی: "بەپێی یاسا پەرلەمان مافی لادانی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵی نییە و بەپێی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨ی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە بڕگەی یەکەم و دووەم ھاتییە بۆ لادانی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ دوو ڕێگا ھەیە، ئەوانیش پارێزگاری مووسڵ داوا لە پەرلەمان بکات، یاخود سێ یەکی ئەندامانی ئەنجومەن داوا بکەن و ئێستا پارێزگار نەماوە و ئەندامانی ئەنجومەنیش ئەو داواکارییەیان نەکردووە، بۆیە پەرلەمانیش ناتوانێ ئەو کارە بکات و ئەگەر پەرلەمان کارێکی لەو شێوەیە بکات، یاسای پێشێل کردووە.
kdp-
Top