بابەکر زێباری: داعش مەترسیی زیاتری بۆ سەر عێراق دروست کردووە
بابەکر زێباری، سوپالاسالاری پێشووی عێراق مەترسییەکانی ئێستا گرووپی تیرۆریستیی داعش دەخاتە ڕوو و دەڵێت: "کۆتایی بە داعش نەھاتووە، بەڵام سیستەمی کردەوە تیرۆریستییەکانی گۆڕیوە، چونکە ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بوون، نەماون، واتە شەڕی گرتنی سەنگەر نەماوە، بەڵام شەڕی پارتیزانی پەیدا بووە، ئاشکرایە شەڕی پارتیزانی زۆر مەترسیدارترە لە شەڕی دانانی سەنگەر، بەتایبەتی بۆ گرووپێکی تیرۆریستیی وەک داعش، لەبەر ئەوەی ئەوانە کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، تا ئەوکاتەی دەکوژرێن، یانیش خۆیان دەتەقێنەوە."
سوپاسالاری پێشووی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "داعش مەترسییەکی ئەوتۆی لەسەر ھەرێمی کوردستان نییە، چونکە لە سنووری سووریا تا دەگاتە سنووری ئێران پێشمەرگە سەنگەری گرێ داوە و ھیچ کەسێکیش لە خەڵکی ئێمە داعش ناحەوێنێتەوە و ھاوکارییان ناکەن، لەبەر ئەوە زۆر زەحمەتە بتوانن ھەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج."
زێباری ڕوونی کردەوە: "بەڵام شەڕی پارتیزانی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق زۆر مەترسیدارە، چونکە خەڵکی ئەو ناوچانەی داعش تێیاندا چالاکە زۆر ھاوکارن لەگەڵ چەکدارانی داعش، بەشێکی زۆری چەکدارانی داعش خەڵکی خۆجێی ئەو ناوچانەی عێراقن و دەیانحەوێننەوە و ڕێگایان بۆ دادەنێن تا دەستی خۆیان بوەشێنن."
بابەکر زێباری دەشڵێت: "ھەر لە ڕۆژانی ڕابردوو لە قەزای بەعاج داعش ھێرشێکی کرد، بەپێی زانیارییەکانی من چواردەوریان گەمارۆ درابوو، بەڵام دوای ئەوەی زانییان دەرناچن، ھەموویان خۆیان تەقاندەوە، مەبەستم لە مەترسییەکانی ئەوەیە پێویستە ھێزە ئەمنییەکان چاوکراوەتر بن و لە تاکتیکی شەڕی داعش تێ بگەن کە چۆن شەڕی نوێ دەکرێت و چۆن بەرەنگاریان ببنەوە."
kdp-
