ماڵپەڕێکی عەرەبی: ئێران دوو ڕێگەی وشکانی بەناو خاکی کوردستانەوە بۆ سووریا هەیە
رۆژنامەی (ئەلعەرەبی جەدید) لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقییەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە درێژیی رێگاکان ٤٥٠ و ٦٠٠ کیلۆمەترە.
سەرچاوە عێراقییەکە دوو رێگاکەی ئاشکرا کردووە، کە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە دەست پێ دەکەن و بەناو خاکی باشووری کوردستانەوە دەگەنە سنووری پارێزگای دێرەزوور لە باشووری رۆژھەڵاتی سووریا و بریتین لە؛
- رێگای یەکەم/ ٦٠٠ کیلۆمەتر درێژە
لە قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەست پێ دەکات، بە خاڵی سنووریی مونزەرییە لە سنووری شاری خانەقین لە باشووری کوردستانەوە دەچێتە شارۆچکەکانی ئەبوغرێب و فەللوجە تا دەگاتە سنووری شاری روومادی و لەوێوەش بۆ شارۆچکەی قائیم لەسەر سنووری سووریا.
- رێگای دووەم/ ٤٥٠ کیلۆمەتر درێژە
لە دەروازەی سنووریی مونزەرییە لە سنووری خانەقین دەست پێ دەکات و بە شاری کەلارەوە دەچێتە باکووری بەغدای پایتەختی عێراق و دوای تێپەڕاندنی شارەکانی کفری و خورماتوو دەگاتە زنجیرە چیای حەمرین و دواتریش بە سنووری پارێزگای نەینەوادا دەگاتە پارێزگای دێرەزوور لە باشووری رۆژھەڵاتی سووریا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامە عەرەبییەکە بێت، هەردوو ڕێگە، بەو ناوچانەدا تێدەپەڕن کە لە پاش خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کەوتنە دەست سوپای عێراق و میلیشیا چەکدارەکانەوە.
باسنيوز
