عێراق لیوایەکی دیکە سەربازی بۆ سەنتەری خانەقین ڕەوانە دەکات
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی ڕايگەیاند: "بڕیارە ٢\٤\٢٠١٩ وەزارەتی بەرگریی عێراق لیوایەکی دیکەی سەربازی ڕەوانەی سەنتەری شاری خانەقین بکات، پێشوەختەش ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەو لیوایە و حەشدی شەعبیدا کراوە، بۆ ئەوەی حەشد بارەگای لقی ١٥یان بۆ چۆڵ بکات و ئەوان بێنە ناو لقەوە".
بەرپرسەکەی پارتی ئاشکراشی کرد: ”هاتنی ئەو لیوایە جارێکی دیکە بشێوی دروست دەکات، جیا لەوەش هاتنی ئەو هێزە کارێکی باش نییە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "پێشتر لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دروست کراوە، لێژنەکەش ڕاپۆرتی خۆی ئامادە کردووە و ناوچەکانیان دیاری کردووە، بۆ ئەوەی هێزی هاوبەشیان تێدا دابنرێت، کەچی لەملاوە هێزی سەربازی دەنێردرێتەوە، خەڵکی ئێمە داوای گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن".
ڕوونیشی کردەوە ئێستا هێزەکانی "حەشدی شەعبی، بەدر، سەدر و پۆلیسی فیدراڵی" لەناو خانەقیندا بارەگایان هەیە".
باسنيوز
