جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی بە مووچەخۆرانی کوردستان دەدات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی بە مووچەخۆرانی کوردستان دەدات
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لە بڕینی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند، ”خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە مووچە چۆن بۆ هەموو شارەکانی عێراق دەچێت، ئاواش بۆ کوردستان دێت“.

ئاماژەشی بە گوتەیەکی وەزیری دارایی عێراق کرد کە گوتوویەتی: ”مووچە ئیستحقاقێکی دەستوورییە و چۆن بۆ شارەکانی عێراق دەچێت، بۆ کوردستانیش دێت“.

بەشیر حەداد جەختی کردەوە کە ڕادەستنەکردنی نەوت بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نابێتە کێشە لەبەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەران، چونکە ”لە یاسای بودجەی عێراقدا ئەوە جێگیر کراوە کە ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتیش رادەست نەکات، بەقەد پارەی نەوتەکە لە بودجەی کوردستان دەبڕدرێت، نەک هەموو بودجەکەی، ئەمە یاسای عێراقییە و ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ نەکرێت لە دادگای ئیتیحادی سکاڵا دەکرێت“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنگۆی ئەوەی بڵاو کردووەتەوە کە گوایە ئەگەری بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان لە حاڵەتی ڕادەستنەکردنی نەوت بە سۆمۆ هەیە.












باسنيوز
Top