ھاتوچۆی گەرمیان ئاگادارییەک لەبارەی ڕێگای پردی دەرەدۆین بڵاو دەکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 26/3/2019، بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی گەرمیان ئاگادارییەکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "ئاگاداری شۆفێران دەکەینەوە، ڕێگای پردی دەرەدۆین کە دەکەوێتە سەر ڕێگای نێوان کەلار - دەربەندیخان کراوەتەوە و شۆفێران دەتوانن ئەو ڕێگایە بۆ ھاتوچۆ بەکار بھێنن".
ھاتوچۆی گەرمیان شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە: "ڕێگاکە لەسەر پردەکە یەک ئاڕاستەیە و پێویستە شۆفێران بە وریاییەوە بەکاری بھێنن، ھەروەھا لە کاتی ھاتوچۆکردن و بەکارھێنانیدا، ھاوکاریی تیمەکانی ھاتوچۆ و شۆفێرەکانی بەرامبەریان بکەن".
دوێنێ دووشەممە 25/3/2019، بەھۆی بارانبارینی بەردەوامەوە، پردی (دەرەدۆین) کە دەکەوێتە سەر ڕێگای دەربەندیخان - کەلار داڕووخا و بە تەواوی ڕێگاکە گیرا.
لە ئێوارەی شەممەی ڕابردووەوە 23/3/2019، شەپۆلێکی بارانبارین ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە، بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینە لەسەر ھەرێمی کوردستان زیاتر بوو و بارانێکی بەخوڕ باری، بەو ھۆیەشەوە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ھەرێمی کوردستان، ئاستی ئاو بەرز بووەوە و چەند شەقامێکیش بەھۆی ئەو بارانبارینەوە داخران.
باسنيوز
