پارتی: لە هێنانەپێشەوەی گەنجان بەردەوام دەبین
نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕايگەیاند، کۆمەڵگەی کوردستان فرە پێکھاتەیە و حوکمڕانی بە کەسانێک دەکرێت کە شارەزاییان لەکاروباری بەرێوەبردنی وڵاتدا ھەبێت، ”خۆتان دەزانن ئەو کلتورەی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بڵاو بووەتەوە بۆ ئێستاش شانازییە، نوخبەیەکی یەکجار شارەزا رابەرایەتیی کۆمەڵگە و ئۆگانەکانی حزبی دەکرد کە بەبێ ئەوەی دامەزراوەی حکوومی ھەبێت، خۆیان ئیدارەیەکی کاتییان دروست کردبوو، لەدوای راپەرینیش، نوخبەیەک توانییان بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە کاروبارەکانی حوکمڕانی بەڕێوەبەرن، ئێستاش گەنجێکی باش لەناو پارتی ھاتووەتە پێشەوە، بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە سینگی خۆیان بدەنە بەر نەھامەتییەکان و پشوویان درێژبێت“.
ڕوونیشی کردەوە کە ئیشکردنی گەنج لەنێو پارتیدا ”بە زەروورەت“ دەبینرێت و ”دەبێ ئەو نەوەیە ئاگاداری تەواوی ئەو موئامەرانەش بێت کە لە دژی پارتی دەکرێت".
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی بە گرنگی دەزانێت کە هەردوو نەوەی پێشتر و نەوەی تازە تێکەڵ بکرێن و ”ئەوەی لە ڕابردوودا بەدەست هاتووە، لە داهاتوودا بە گەنجان دەسپێردرێت، بۆیە پرۆسەی هێنانەپێشەوەی گەنجان لەنێو پارتیدا بەردەوام دەبێت“.
باسنيوز
