د. فوئاد حوسێن: ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆی منە و لە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت
دوای ئەوەی چەند پەرلەمانتار و کادیرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویانکردەوە، کە لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی نەداوەتە سۆمۆ، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبڕێتەوە و پاشەکەوت دروست دەبێتەوە، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق راگەیاند "ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆی منە و چۆن بەرپرسم لە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەر شارێکی عێراق، ئاواش بەرپرسم لە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت".
وەزیری دارایی عێراق روونیکردەوە، ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە و بووەتە یاسا و ئەوانیش وەک حکومەت پابەندن بە جێبەجێکردنی یاساکە.
بەپێی یاسای بودجەی عێراق، ئەگەر هەرێمی کوردستان مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی سۆمۆ بکات، ئەوا بودجەی هەرێمی کوردستان 10 ترلیۆن و 844 ملیار دینار دەبێت، بەڵام ئەگەر هەولێر 250 هەزار بەرمیل نەوتەکە رادەست نەکات، ئەوا بەغدا مانگانە 454 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دیناریش بۆ پێشمەرگە دەنێرێت.
وەزیری دارایی عێراق هیوای خواست، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زوو پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی دانوستاندن بکات لەگەڵ بەغدا بۆ ئەو کێشانەی ماون. لە هەمانکاتدا جەختیکردەوە هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە.
رووداو
