بانکەکانی وەزارەتی دارایی کەم دەکرێنەوە

 بانکەکانی وەزارەتی دارایی کەم دەکرێنەوە
لە رێگەی بەرنامەیەکی حکوومەتەوە، وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان بانکەکانی لە ٩٧ بانک بۆ ٣٠ بانک کەم دەکاتەوە. بەرپرسێکیش زانیاری لەبارەی پڕۆسەی کەمکردنەوەکە دەدات و ئاشکرای دەکات، ئەو کارە لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان و مووچەخۆراندا دەبێت.



مستەفا سەعید، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای بانکەکان لە وەزارەتی دارایی راگەیاند، حکوومەت نایەوێت بانکەکانی بەم جۆر بمێنێتەوە، بۆیە وەزارەتی دارایی بانکەکانی کەم دەکاتەوە، گوتی: «حکوومەت لە رێگەی بەرنامەیەکەوە دەیەوێت بانکەکانی بۆ ٣٠ بانک کەم بکاتەوە، ئەوەش بۆ کارەکانی ئێمە و بە تەکنەلۆژیکردنی بانکەکان ئاسانترە».



ئاشکراشی کرد: «ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ٩٧ بانکی حکوومی ھەیە».



گوتیشی: «ئەو ھەموو بانکە حکوومییە زۆر زۆرە و لە ھیچ شوێنێکی دونیا ھاوشێوەی ئێمە ئەو ھەموو بانکە حکوومییە نییە، ئەوەش رۆتینی زۆر کردووە و خەرجیی زۆریشی خستووەتە سەر حکوومەت، چونکە بەشێک لە بانکەکان لە خانوو و بینای کرێدان».



جەختیی کردەوە، بە کەمکردنەوەی بانکە حکوومییەکان پارە و خەرجییەکی زۆر بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، گوتیشی: «کاتێک بانکەکان بە ئەلیکترۆنی دەکرێن، یەک بانک دەتوانێت کاری ١٠ بانک بکات، ھەروەھا ئەو خزمەتگوزارییانەی لەو بانکە ئەلیکترۆنییانە پێشکەش دەکرێن زۆر بەسوودە بۆ ھاووڵاتییان و و مووچەخۆران».



بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای بانکەکان لە وەزارەتی دارایی، لەبارەی چارەنووسی فەرمانبەرانی بانکەکان گوتی: «ئەو بانکانەی ھەڵدەوشێدرێنەوە، تێکەڵ دەکرێن و ھیچ کێشەیان نابێت و کاری خۆیان دەکەن، چونکە فەرمانبەران لە پلانی تێکەڵکردنی بانکەکان حیسابی خۆیان بۆ کراوە و مافەکانیان لەبەرچاو دەگیرێت».



مستەفا سەعید، دووپاتیشی کردەوە، سیستەمێکی تازە بۆ بانکە حکوومییەکان کاری پێ دەکرێت، گوتیشی: «ئەو بانکانەی ئیشوکاریان زۆرە، ھەڵیاندەبژێرین و ئەوان دەکەینە سیستەمی ئەلیکترۆنی و ئیشکردن لە رێگەی دەستی نامێنێت و دەبێتە ئەلیکترۆنی، کارەکان شەفافتر و خێراتر دەبن و ئاسانکارییەکی زیاتریشە بۆ ھاووڵاتییان».










باسنیوز
Top