ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی مووچەی پاشەکەوتکراو کۆدەبێتەوە

 ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی مووچەی پاشەکەوتکراو کۆدەبێتەوە
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بۆ ئەوەی لە پارەی پاشەكەوتكراوی مووچەی فەرمانبەران، قەرزە خزمەتگوزارییەكان بدرێتەوە كار لەسەر پڕۆژەیەك دەكەن دەشڵێت "پێشتریش پڕۆژەیەكەیان لەو بارەیەوە هەبووە".

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر راگەیاند پێشتریش كاریان لەسەر پڕۆژەیەكی وەها كردووە، كە لە پارەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران، قەرزە خزمەتگوزارییەكان بدرێتەوە، گوتیشی "ئێستاش كە بە دوو قۆناخ پاشەكەوتی مووچە هەڵگیراوە، كار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەكەینەوە بەو جۆرەی لە پارەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران، قەرزە خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو، كارەبا، پێشینەكانی خانووبەرە، هاوسەرگیری، كشتوكاڵی ‌و قەرزی بچووك بدرێتەوە".

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گەشبینە بەوەی ئەو پڕۆژەیان سەربگرێت ‌و گوتیشی "لە پڕۆژەكەماندا كە ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنجوومەن گفتوگۆی لەسەر دەكەین، پێشنیازمان كردووە حكومەت هەژمارێكی بانكی بۆ هەر فەرمانبەرێك بكاتەوە و مووچە پاشەكەوتكراوەكان لەو هەژمارانەدا دابندرێت ‌و دواتر بەشێكی لەگەڵ قەرزە خزمەتگوزارییەكان ئاڵوگۆڕی پێبكرێت، ئەوكاتە فەرمانبەر ئامادە دەبێت ئەگەر قەرزی دیكەشی لابێت بیداتەوە".

لەدوای زیاتر لە سێ‌ ساڵ، رۆژی 8-3-2019 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران هەڵبگرێت، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک لەبارەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان نەدراوە.





رووداو
Top