له خانەقین جووتیارانی كورد داوا دەكەن خاوەندارێتیی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە
سەروەر عەلی، چالاكوانی مەدەنی لە شاری خانەقین، ڕاگەیاند دوێنێ 25/3/2019 ژمارەیەك لە جووتیارانی كورد لە شاری خانەقین دژی بڕیارێكی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی دیالە گردبوونەوەیەكیان لەبەردەم قایمقامیەتی قەزای خانەقین ئەنجام دا".
گوتیشی "لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا زەویی كشتوكاڵیی جووتیارانی كورد بە گرێبەست دراوە بە عەرەبی هاوردە و پاش پرۆسەی ئازادیی عێراق جارێكیتر جووتیارانی كورد گەڕاونەتەوە سەر زەوییەكانی خۆیان، بەڵام ئێستا عەرەبەكان داوا دەكەن زەوییەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە و قەرەبووی ئەو ساڵانەشیان بۆ بكرێتەوە كە زەوییەكان بەدەست جووتیارانی كوردەوە بووە".
ڕوونیشی كردەوە "بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی دیالە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڕیاری داوە بە گەڕاندنەوەی زەویی جووتیارانی كورد بۆ عەرەبی هاوردە، ئەوەش نیگەرانیی لای جووتیاران درووست كردووە".
ئاشكراشی كرد "بەڕێوەبەری كشتوكاڵی دیالە پاش گوێگرتن لە ناڕەزایەتی و داواكارییەكانی جووتیارانی كوردی شارەكە، ڕەتی كردووەتەوە خۆی واژۆی لەسەر ئەو بڕیارە كردبێت و بەڵێنی پێدان هەڵیبوەشێنێتەوە".
باسنیوز
