عارف ڕوشدی:پارتی پێی باشە ھەموو لایەنەکان چۆن بەشداریی ھەڵبژاردنیان کرد، بەو جۆرەش بەشداری لە حکوومەتدا بکەن

 عارف ڕوشدی:پارتی پێی باشە ھەموو لایەنەکان چۆن بەشداریی ھەڵبژاردنیان کرد، بەو جۆرەش بەشداری لە حکوومەتدا بکەن
ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە حزبەکەی نازانێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای چی دەکات و ”چەند جارێک گۆڕانکارییان لە داواکارییەکانیان کردووە“.



عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕای گەیاندووە، خەڵک بۆ ئەوە بەشداری لە ھەڵبژاردن دەکات، تا حکوومەتێک پێکبھێنرێت و خزمەتی خەڵک بکات، لەو سۆنگەیەوە پارتی پێی باشە ھەموو لایەنەکان چۆن بەشداریی ھەڵبژاردنیان کرد، بەو جۆرەش بەشداری لە حکوومەتدا بکەن.



ڕوونیشی کردووەتەوە کە پارتی بە هێمنی کار دەکات و ”تەحەمولی زۆرە“. بۆیە هیوای خواستووە، یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامیش کە نیازی بەشداریکردنیان لە حکوومەتدا هەیە، ”وەک گۆڕان لە کاتی گونجاودا بڕیار بدەن و لەگەڵ پارتی ڕێک بکەون“.



عارف ڕوشدی بەپێویستی زانیوە کە یەکێتی و گۆڕان پێش کۆتاییهاتنی ئەم مانگە، بڕیاری خۆیان بدەن تاوەکوو لە سەرەتای مانگی داهاتوودا حکوومەت پێک بهێندرێت و یاسا پێویستەکان هەموار بکرێنەوە.



هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا، ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دووپاتی کردووەتەوە: ”بۆچوونی من ئەوەیە کە چیتر کات درێژ نەبێتەوە، چونکە سەری ئەم مانگە دەبێتە شەش مانگ بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، ئەو ماوەیە بۆ ھەرێمی کوردستان زۆرە، ھیوادارم ھەموو لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتنێکی ھەمەلایەنە بۆ پێکھێنانی حکوومەت". ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە لایەنەکان کاتێکی دیاریکراویان پێ نەگوتراوە بۆ بەشداریکردنیان لە حکوومەت، بەڵام “کاتەکە بە کراوەیی نامێنێت، ئێمە دەڵێین تا پێمان بکرێت و بە ئاسایی بزانین لەگەڵ ئەو لایەنانە کاردەکەین، بەڵام ئەگەر بزانین لە سنوور بەدەر دەبێت، ئەوا چاوەڕوان نابین“.



لەبارەی داواکاریی یەکێتی، عارف ڕوشدی نەیشاردووەتەوە کە ”ئێمەش تێناگەین، بەڕاستی ھەموو جارێک جێگۆڕکێ بەقسە و داواکارییەکانیان دەکەن، بەبۆچونی من نابێت ئەوە ھەبێت، دەبێت ئەو لایەنە سیاسییە خۆی یەکلایی کردبێتەوە، بێت لەگەڵ براوەی ھەڵبژاردنەکان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، ڕێک بکەوێ". ڕوونیشی کردووەتەوە کە دوو یان سێ جار، یەکێتی گۆڕانکاری بەسەر داواکارییەکانیدا هێناوە، بۆیە “پێمان باشە یەکێتی زیاتر خەمیان خەمی جێبەجێ کردنی بەرنامەیەکی باش بێت، چونکە ئەوە لەخزمەتی ھەموو لایەنە سیاسییەکان دایە“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە گۆڕانکاری لە داواکارییەکانی یەکێتی ”بەشێکی بۆ کێشە و ململانێی ناوخۆیی حزبەکە دەگەڕێتەوە“، بەڵام پارتی تا ئەو سنوورەی کە دەرفەت هەبێت، چاوەڕێی یەکێتی دەکات.




FHSKD,.
Top